ئێران دوو بەندکراوی کوردی لەسێدارە دا

رووداو دیجیتاڵ
 
دوو هاونیشتیمانیی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر و کوشتنی بە ئەنقەست لە زیندانەکانی قەزوین و کرماشان لەسێدارەدران.
 
بەپێی زانیارییەکان، فلیت عابدی، تەمەن 55 ساڵ و خەڵکی گوندی "براسپی" سەر بە ناوچەی سۆمای ورمێ، بەرەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە 11ی کانوونی دوووەمی 2024، کە بە تاوانی بارزگانیی بە مادەی هۆشبەر، لە گرتووخانەی شاری قەزوینی ئێران لەسێدارەدراوە.
 
فلیت عابدی سێ ساڵ پێشتر لە شاری قەزوین دەستبەسەرکرابوو و دواتر لەلایەن دادگەی شۆڕشی قەزوین بە تۆمەتی هەڵگرتنی سێ کیلۆ مادەی هۆشبەر، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو.
 
هەمان رۆژ، هاونیشتیمانییەکی دیکە بە ناوی مەیسەم حەبیبی، تەمەن 37 ساڵ و خەڵکی شاری پاوە لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان (دیزڵ‌ئاوا) لەسێدارەدراوە. 
 
مەیسەم حەبیبی خەڵکی شاری پاوە سەر بە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، 7 ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دواتر لەلایەن دادگەی کرماشانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو.
 
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تائێستا 12 بەندکراوی کورد لە ئێران لەسێدارەدراون.
 
بەپێی رێکخراوەکە، لە ساڵی 2023دا 823 بەندکراو لە زیندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون و 151 کەسیان کوردن کە دەکاتە 18٪ی کۆی ئەوانەی لەسێدارەدراون. 
 
هەروەها بەگوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە ساڵی 2022دا 582 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون. ئەوە لە کاتێکدایە ژمارەکە لە ساڵی 2021دا 331 کەس بووە.
 
بەگوێرەی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ)، لە دوای چین، ئێران ساڵانە زۆرترین کەسی تێدا لەسێدارە دەدرێت.