ڤیدیۆ.. دوو ئۆتۆمبێل لە نزیک قەزای ئامێدی بۆردوومانکران و قوربانی هەیە
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر رێگەی گوندی دێرەشێ لە نزیک سەنتەری قەزای ئامێدی دوو ئۆتۆمبێل بۆردوومانکران و سەرچاوەیەکی ئەمنی بە رووداوی راگەیاند، ئۆتۆمبێلەکان هیی هێزەکانی پەکەکە بوون، لەلایەن فڕۆکەی تورکیاوە کراونەتە ئامانج و بەهۆیەوە گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە.
بۆردوومانەکە پێشنیوەڕۆی رۆژی هەینی، 12-1-2024 بووە. ئەو سەرچاوە ئەمنییەی قسەی بۆ رووداو کرد، نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت گوتی، چەند گەریلایەکی پەکەکە گیانیان لەدەستداوە.
گوندەکە بە دووریی پێنج کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی قەزای ئامێدی، بۆیە ترس و دڵەڕاوکێ لەلای دانیشتووانی ئەو ناوچانە دروستبووە.