لە هەڵمەتەکەی هەولێر 102 پیاو و 77 ژن دەستگیرکراون

رووداو دیجیتاڵ

لە هەڵمەتەکەی شەوی رابردووی هەولێر 102 پیاو و 77 ژن لە شوێنێکی گەشتیاریی دەستگیرکراون و بەگوتەی پارێزگاری هەولێر، لە هەر شوێنێکی پایتەخت کاری لەشفرۆشی و قومار بکرێت، دادەخرێت.
 
شەوی سێشەممە پۆلیسی هەولێر چووەسەر شوێنێکی گەشتیاریی، لەبارەی رووداوەکەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە چوارچێوەی ئەو بڕیارانەی کە بۆ چاودێریی و رێکخستنەوەی یانە شەوانەکان رامانگەیاندبوو شەوی سێشەممە کاژێر 23:00 بە هەماهەنگیی لەگەڵ پۆلیسی هەولێر و هێزێکی ئەمنیی تایبەت، شوێنێکی بەناو گەشتیاریی کە تێیدا قومار و لەشفرۆشی دەکرا، داخرا و 179 کەس لەگەڵ خاوەن شوێنەکە دەستگیرکراون".
 
لەو 179 کەسەی دەستگیرکراون 102 کەسیان پیاون و 77 کەسیشیان ژنن. ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کەسانە هەموو لە گرتووخانەی هەولێرن و دەدرێنە دادگە و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
 
بەگوتەی پارێزگاری هەولێر "ئەم هەڵماتانەشمان بەردەوام دەبێت و هەر جێگایەک کە تێیدا کاری لەشفرۆشی و قومار بکرێت، دادەخرێت".
 
هەروەها پۆلیسی هەولێر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە کە هەڵمەتەکە بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کراوە و دەست بەسەر بڕێکی زۆر کەلوپەلی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و کەرستەی قەدەخەکراو و جۆرەها حەبدا گیرا. 
 
هەر ئەمڕۆ چەند کارمەندێکی ئەو شوێنە گەشتیارییە کە نەیانویست ناویان بڵاوبکرێتەوە بە رووداویان راگەیاند : کاژێر 23:00 ـی شەوی رابردوو هێزە ئەمنییەکان هاتن و ئەوانەی لەوێ بوون دەستگیرکراون.
 
لەبارەی ناسنامەی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون، سەرچاوەکانی رووداو ئاماژەیان بەوەکرد: ئەو گەشتیارانەی سەردانی ئەو شوێنە دەکەن 95% یان عەرەبن . لەو شوێنە گەشتیارییە 50 جێگای پشوودان و دوو یانەی شەوانە هەن، ئەو کەسانەی کە دەڕۆنە ئەو شوێنە لەگەڵ خۆیان کچ دەبەن کە زۆربەیان عەرەب ، سووری و فارسن.
 
بەگوتەی کارمەندانی شوێنە گەشتیارییەکە "هەر شەو مانەوە لە ژوورەکان لە 100 دۆلار تاوەکو 1000 دۆلارە. هەندێک کەس ئەوەندە هاتوون بۆ ئێرە وەکو برادەرمان وان".