زانکۆی دهۆک: دەرماڵەی مانگی ئەیلوولی 2022 دابەشدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ژمێریاریی زانکۆی دهۆک رایگەیاند، بانکی دهۆک ئەمڕۆ دەرماڵەی مانگی ئەیلوولی 2022ـی خوێندکارانی خەرجکردووە.
رۆژی دووشەممە، 11-12-2022 مەروان فەندی، بەڕێوەبەری ژمێریاریی زانکۆی دهۆک بە رووداوی گوت، "بۆ دابەشکردنی دەرماڵەی مانگی نۆی پار، 560 ملیۆن دینارمان پێویستە و دوێنێ بانک ئاگاداری کردینەوە کە چەکەکان ئامابکەین و دووشەممە پارەمان بۆ خەرج دەکرێت."
بە گوتەی مەروان فەندی، "ئەمڕۆ دەرماڵەی مانگی نۆ خەرجکراوە و هەر ئەمڕۆش بەسەر کۆلێژەکاندا دابەشکراوە و خوێندکاران دەتوانن دەرماڵەکانیان وەربگرن."
بەڕێوەبەری ژمێریاریی زانکۆی دهۆک دەڵێت، "10 دەرماڵە لە زانکۆکەمان دابەشنەکرابوو، مانگەکانی 9، 10، 11، 12ـی 2022 و شەش مانگی ئەم ساڵیش بوون، بۆ دابەشکردنیان داوای نزیکەی حەوت ملیار و نیومان کردبوو، بەڵام تەنیا مانگی نۆ خەرجکراوە و ئاگاداریش کراوینەتەوە ئەگەر پارە هەبێت دەرماڵەی مانگی 10ـیش خەرجدەکرێت، بە دابەشکردنی ئەو دەرماڵەی ئەمڕۆ ئێستا نۆ دەرماڵەمان ماوە خەرج بکرێت."
زانکۆی دهۆک نزیکەی 23 هەزار خوێندکاری هەیە و بڕی پاڵپشتییە داراییەكە 40 هەزار دینارە بۆ خوێندكارانی نێو شار و 60 هەزار دینارە بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار.
دابەشکردنی دەرماڵەکانی ئەیلوولی 2022 لە زانکۆی دهۆک لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا لە زانکۆ و پەیمانگاکانی سلێمانی نۆ دەرماڵەی مانگەکانی 10، 11 و 12ـی 2022 و شەش مانگی ئەم ساڵ خەرجنەکراوە، لە هەڵەبجەش دەرماڵەی شەش مانگی ئەم ساڵ خەرج نەکراوە.
لە زانکۆی سەلاحەدین، رۆژی سێشەممە، 5ـی ئەم مانگە دەرماڵەی مانگی نیسانی ئەم ساڵ خەرجکرا و ئێستا تەنیا مانگی ئایار و حوزەیران ماوە خەرج بکرێت.
هەر ئەمڕۆ د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان رایگەیاند، ''ئەوەی پەیوەندیی بە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە هەیە، لە 18ـی حوزەیرانەوە هەموو رێکارەکانمان تەواوکردووە و ناردوومانە بۆ هەموو زانکۆ و پەیمانگەکان. هیچ زانکۆیەک نەماوە ئامادەکاریی دەرماڵەی لەلایەن وەزارەتەوە بۆ نەکرابێت، بەڵام پڕۆسەکە لە وەزارەتی دارایی، لەسەر پارە و سیولە وەستاوە."