ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکات بۆ یاسای بودجەی 2023
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بۆ دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە ئەگەری پەسندکردنی بودجە لە ساڵی داهاتوو، بە نووسراوێک داوایان لە وەزارەتەکان کردووە ژمارەی ئەو میلاکانەی کە هەیانە و ئەوانەی کە پێویستیانە بۆ بنێرن.
رۆژی یەکشەممە 11-12-2022، ساناو فەرەیدوون جوانڕۆیی، سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەزارەتی دارایی داوایان لێکردووین گشتاندن بۆ ئەو میلاکانەی پێویستە لە بودجە جێگیربکرێت بکەین، بۆیە ئەنجوومەنی راژە خشتەیەکی بۆ وەزارەتەکانی ناردووە بۆ ئەوەی گشتاندنێک بکەن و بزانین چەند میلاکیان هەیە و چەندیان پێویستە."
بە گوتەی سەرۆکی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان: پێشبینی دەکەن یاسای بودجە بۆ ساڵی داهاتوو پەسندبکرێت، بۆیە لە ئێستاوە ئەنجوومەنی وەزیران ئامادەکاری کردووە بۆ ئەوەی بزانین وەزارەتەکان و فەرمانگەکان بۆ ساڵی داهاتوو "چەند میلاکیان بۆ دامەزراندن دەوێت، بە گوێرەی بودجە دەتوانرێت چەند فەرمانبەری گرێبەست دابمەزرێت و چەند پلەبەرزکردنەوە بکرێت."
ساناو فەرەیدوون گوتیشی: "نووسراومان ئاراستەی وەزارەتەکان کردووە بۆ ئەوەی هەر وەزارەتێک لەلایەن خۆیەوە دیراسەیەک بکەن و دواتر بۆ ئەنجوومەنی گشتیی راژەی بەرزبکەنەوە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵی 2015 پاڵپشت بە یاسای راژەی شارستانیی ساڵی 1960 پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگرتووە. هاوکات لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 30 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن، لە 29-11-2022ەوە مامۆستایانی وانەبێژ لە سەرجەم پەروەردەکانی هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتی دەردەبڕن و داوای دامەزراندن دەکەن.