بەرپرسیار؛ وردەکاریی گیانلەدەستدانی ژنێک لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی زاخۆ
رووداو دیجیتاڵ
ئافرەتێک لە زاخۆ لە کاتی نەشتەرگەریی "قەستەرە و باڵۆن" لەنێو هۆڵی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە زاخۆ گیانی لەدەست دا. کەسوکارەکەی سکاڵایان لەسەر پزیشکەکە و نەخۆشخانەکە تۆمارکردووە. تەندروستیی زاخۆ دەڵێت، "بەوردی" لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.
ئەو ژنەی گیانی لەدەستداوە ناوی فەیروز عومەرە، تەمەنی 44 ساڵ بوو، دایکی سێ منداڵە. دوای سێ کاژێر مانەوە لەنێو هۆڵی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە زاخۆ گیانی لەدەستدا.
کەسوکاری فەیروز، پزیشک و نەخۆشخانەکە بە "کەمتەرخەم" دەزانن. محەممەد حەسەن، هاوژینی فەیروز، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "هاوژینەکەم قەستەرەی دڵی بۆ کرا، دوایی گوتیان دەماری دڵی گیراوە دەبێت باڵۆنیشی بۆ بکەین. پزیشکەکە سووری بوو. هاوژینەکەم رۆژێک پێش نەشتەرگەرییەکە سەردانی پزیشکەکەی کردبوو".
بە گوتەی محەممەد، هاوژینەکەی زۆر ئاسایی بەپێیەکانی خۆی چووە هۆڵی نەشتەرگەری و زۆر باش بوو، "دوای چوار کاژێر مانەوە لە هۆڵی نەشتەرگەری هێنایانە دەرەوە و بردیانە ژوورێک و گوتیان کەس سەردانی نەکات".
محەممەد دەڵێت: "ژوورەکە ئۆکسجین و هیچ ئامێرێکی تێدا نەبوو. هاوژینەکەم هەر لەو ژوورە گیانی لەدەستدابوو، بەس درۆیان لەگەڵ ئێمە دەکرد. پزیشک گوتی رێژەی سەرکەوتنی نەشتەرگەرییەکە 95٪ـە، هەمووی درۆ بوو".
کەسوکاری فەیروز لە زاخۆ قسەیان بۆ پەیامنێری رووداو کرد. ساڵح عومەر، برای فەیروز، بە غەریب مەجیدی گوت: "لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان شەڕم کرد تاوەکو گەیشتمە لای خوشکەکەم، بینیم کارگوزار ئامێری نەخۆشخانە چاک دەکاتەوە. کەس لەوێ نەبوو. ئۆکسجینی لەسەر نەمابوو، کەف لە دەمی دەهات، لەشی هەمووی خوێن بوو".
دوای کاژێرێک لە گیانلەدەستدانی فەیروز، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە پێکهاتووە. بە گوتەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان، ئەو پزیشکەی نەشتەرگەری بۆ فەیروز کردووە، "پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ"ـە.
دکتۆر قەیس عوبەید، سەرۆکی لقی زاخۆی سەندیکای پزیشکان، لە بەرپرسیار گوتی: "لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لە رووداوەکە کراوە، ئەنجام تاوەکو 48 کاژێر دەردەچێت و دەردەکەوێ کێ کەمتەرخەم بووە. ئەو پزیشکەی نەشتەرگەرییەکەی کردووە تایبەتمەندە بە قەستەرەی دڵ و سەتان نەشتەرگەریی کردووە. هێشتا لێکۆڵینەوە بەردەوامە و لیژنەکە بە عەدالەت بەدواداچوون لە رووداوەکە دەکات".
ئەمیر عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی زاخۆ، لە بەرپرسیار گوتی: "بە فەرمانی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی زاخۆ، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە پێکهێنراوە، لێکۆڵینەوە لە ئامێری نەخۆشخانە، ئۆکسجین، کارمەند، پزیشک و نەخۆشخانە دەکرێ، هەر کەسێک کەمتەرخەم بووبێت سزا دەدرێت. لیژنەکە بە وردی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات، لە پێنج کەس پێکدێن، سێ پزیشکی پسپۆڕ و دوو ئەندازیاری ئامێری پزیشکی، تاوەکو ئەنجامی کۆتایی دەرنەکەون رێکار ناگیرێتەبەر، ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە 24 تاوەکو 48 کاژێر رادەگەیێندرێت".
پۆلیسی زاخۆ بەپێی مادەی 411 لە یاسای سزادانی عێراقی، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە. رائید ئەحمەد رەمەزان، گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ، بە رووداوی گوت: "چاوەڕێی ئەنجامی راپۆرتی لیژنەی پزیشکی و راپۆرتی دادپزیشکین. ئەنجامەکان دوای 24 بۆ 48 کاژێر ئاشکرادەبن. دوای ئەنجامەکان دەست بە رێکارە یاساییەکان دەکەین".