رۆژنامەڤانێکی کورد لە زیندانی ئیتلاعاتی ورمێ مانی لە خواردن گرتووە
رووداو دیجیتاڵ
مەسعود کوردپوور، سەرنووسەری ئاژانسی مافی مرۆڤیی موکریان، کە ئێستا لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی ورمێ دەستبەسەرە، مانی لە خواردن گرتووە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە کەسێکی نزیک لە مەسعود کوردپوور، رۆژنامەڤان و چالاکڤانی مافی مرۆڤ دەستی کەوتووە، ئەو بەندکراوە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە کەسوکاری راگەیاندووە، "هەفتەیەکە مانی لە خواردن گرتووە."
هێزەکانی ئیتلاعات بەڵێنیان پێیدابوو، هەفتەی رابردوو ئەو رۆژنامەڤانە بدەنە دادگە و بگوازرێتەوە بۆ گرتووخانەی گشتی، بەڵام ماوەی راگرتنی لە گرتووخانەی ئیتلاعات درێژ کراوەتەوە.
مەسعود کوردپوور 43 رۆژ پێش لە 20/09/2022 لە ماڵەکەی خۆی لە بۆکان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا و گواسترایەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئیتلاعاتی ورمێ و تاوەکو نزیکەی مانگێک رێگەی پێنەدرابوو پەیوەندی بە کەسوکارییەوە بکات.
مەسعود کوردپوور پێشتریش چەندجار بەهۆی چالاکییە رۆژنامەڤانی و مافی مرۆڤییەکانی دەستبەسەرکرابوو. ئاژانسی موکریان لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستانە و هەواڵ و راپۆرت لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ بڵاودەکاتەوە.