رووداو و نەتەوە یەکگرتووەکان راهێنانی رۆژنامەڤانی بە 300 ئافرەت دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە پرۆگرامێکی هاوبەشی تۆڕی میدیایی رووداو و ئاژانسی UNFPAی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا راهێنان بە 300 ژن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێت. پرۆگرامەکە تایبەتە بە پێگەیاندنی رۆژنامەڤانانی ژن و لە کانوونی یەکەمی ساڵی پارەوە دەستیپێکردووە و بەردەوامە.
شەهد ئەحمەد، بەشداربووی پڕۆگرامەکە دەڵێت، "سوودمان لەم خوولە وەرگرتووە بۆ پەرەپێدانی کارامەییەکانمان، بۆ پتەوکردنی پێگەی ژنان، ئەوەش لە رێگەی وانەکانەوە. وانەکان زۆر جوان و ورد و دروستن. فێری کارامەیی نوێ بووین."
ئەو پرۆگرامە هاوبەشەی نێوان رووداو و ئاژانسی سندووقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێنج رۆژ دەخایێنێت؛ رۆژانە بۆ ماوەی 7 کاژێر، چەندین پسپۆڕ و رۆژنامەڤانی بەتوانا و شارەزا وانە و زانیاریی زۆر گرنگ بە بەشداربووەکان دەدەن.
هەروەها، کۆمپانیای گووگڵ، ئینتەرنیوز و رێکخراوی سید بەشداری لە راهێنانەکاندا دەکەن و وانەی تایبەت بە خۆیان دەبێت. پاش تەواوبوونی راهێنانەکەش، بەشداربووان بڕوانامەیان پێدەبەخشرێت.
نوور زیا، بەشداربووی پڕۆگرامەکە گوتی، "زۆر سوپاسگوزاریی ئەم دەستپێشخەرییەین، دەرفەتێکی گەورەیە بۆئەوەی ئاشنای بنەماکانی میدیا و رۆژنامەڤانی ببین. بەداخەوە کەموڕکوڕیی زۆرمان هەیە، لەگەڵ ئەوەی میدیاکارین؛ بەڵام پێشتر ئەو جۆرە مەشق و راهێنانەمان وەرنەگرتووە."
لە راهێنانەکە، هەریەک لە بابەتەکانی هەواڵسازی، بەرنامەکان، دیجیتاڵ میدیا، وێنەگری و چەندین بابەتی دیکەی گرنگی رۆژنامەڤانی دێنە بەرباس.
حەوت خوولی رابردووی راهێنانەکە تایبەت بوون بە هەریەک لە ژنانی هەولێر، بەغدا، نەینەوا، سلێمانی، کەرکووک، ئەنبار و سەڵاحەدین و دوایینیشیان تایبەت بوو بە دهۆک.
جگە لە خوولی هەشتەم، لە مانگی 12ی 2023وە تاوەکو ئێستا 159 ژن لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەشداریی راهێنانەکەیان کردووە و بڕیارە تاوەکو کۆتایی، 300 ژن سوود لەو پرۆگرامە ببینن.
ئالا حەسەن، بەشداربوو باسی لەوە کرد، "لەگەڵ ئەوەی چوار ساڵە کاری میدیایی دەکەم؛ بەڵام تاوەکو ئێستا پێویستم بەم خولانەیە. میدیا دەریایە، هەرچەند فێربیت، پێویستت بە فێربوونی زیاترە."
رۆژی 24ی ئابی ئەم ساڵ پرۆگرامەکەی رووداو و نەتەوە یەکگرتووەکان خەڵاتی بڕۆنزی ستیڤیی بردەوە. لیژنەی هەڵسەنگاندنی خەڵاتە جیهانییەکە رایگەیاند، ئەمە یەکەمین پڕۆژەی هاوبەشی لەو جۆرەیە لەنێوان میدیایەکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و نەتەوە یەکگرتووەکاندا کرابێت.