هاتووچۆی گەشتیاری لە سنووری حاجی ئۆمەران 69٪ زیادی کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی تەمەرچین لە پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: ئەم ساڵ 642 هەزار و 250 گەشتیار لەو سنوورە هاتووچۆیان کردووە، کە بە بەراورد بە پار بە رێژەی 69٪ زیادی کردووە.
 
عەلی ئەکبەر ئەشرەفی، بەڕێوەبەری دەروازەی سنووری تەمەرچین لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە هاوسنوورە لەگەڵ دەروازەی حاجی ئۆمەران لە باشووری کوردستان، سەبارەت بە ژمارەی ئەو گەشتیارانەی کە لەو دەروازە سنووریە هاتووچۆ دەکەن رایگەیاند، ژمارەی ئەو گەشتیارانەی کە ساڵی پار لەو دەروازەیە هاتووچۆیان کردبوو 376 هەزار و 788 کەس بوو، کە بۆ ئەم ساڵ 265 هەزار کەس واتە لە 69٪ زیادی کردووە.
 
ئەشرەفی رایگەیاند، لە 6 مانگدا رۆژانە زیاتر لە 6 هەزار کەس لە دەروازەی سنووری تەمەرچین هاتووچۆیان کردووە.
 
دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران لە باشووری کوردستان یان تەمەرچین لە رۆژهەڵاتی کوردستان، جگە لە هاتووچۆی گەشتیاری، دەروازەیەکیشە بۆ ئاڵوگۆڕی بارزگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
 
لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، پێنج دەروازەی سنووریی فەرمی هەن کە سێیان (بازرگان، رازی و سێرو) لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیان، دەروازەیەک (سەنەم بۆلاغی پۆلدەشت) لەگەڵ کۆماری خۆبەڕێوەبەری نەخجیڤانی سەر بە ئازەربایجان و دەروازەی تەمەرچین-حاجی ئۆمەرانیش لەگەڵ هەرێمی کوردستانە.