زانکۆی سلێمانی: خوێندنی 23 هەزار خوێندکار لە ژێر مەترسیی هەڵپەساردندایە

رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران رایگەیاند، بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەی مامۆستایان و خەرجنەکردنی دەرماڵەی خوێندکاران، دەستپێکردنی دەوامی زانکۆی سلێمانی دواخرا. دەشڵێت، "خوێندنی زیاتر لە 23 هەزار خوێندکار، لەژێر مەترسیی هەڵپەساردندایە."
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە 11-10-2023) د. پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیار بوو 15ـی ئەیلوول دەست بە دەوامی ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 بکەین، بەڵام مامۆستایان مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشت و نۆیان بۆ خەرجنەکرابوو، بۆیە لەکاتی خۆی دەوام دەستیپێنەکرد."
 
بەگوتەی یاریدەدری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، هەر لەبارەی دەستپێکردنەوەی دەوام ئەمڕۆ ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی کۆبووەوە، بە کۆی دەنگ بڕیاردرا بۆ کاتێكی نادیار دوابخرێت، چونکە مووچەی مامۆستایان دواکەوتووە و، دەرماڵەی ساڵی رابردووی خوێندکارانی زانکۆش خەرجنەکراوە، تاقیگەکان، کۆلێژەکانی زانکۆ و بەشەناوخۆییەکان پێویستیان بە پارەیە، بەڵام زانکۆ هیچ پارەیەکی نییە.
 
پێشرەو حەمەجان دەڵێت "ئەگەر لە بارودۆخێکی وەک ئێستا دەوامی زانکۆ دەستپێبکەین، تووشی گرفت دەبین، بۆیە دەوام ناکەین تاوەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەرێک بۆ بارودۆخەکە بدۆزێتەوە. ئێمە مانگی رابردوو بە راپۆرتێک کێشەی داراییەکانمان داوەتە وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ ئەوەی چارەسەربکرێت و گرفت بۆ خوێندنی 2023-2024 دروست نەبێت، بەڵام تائێستا وەڵام نەدراوینەتەوە."
 
بەگوتەی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ، مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی پارەی وانەگوتنەوەی ساڵی 2022ـیشیان بۆ خەرجنەکراوە. خوێندکاران دەرماڵەی چەند مانگێکی ساڵی پاریان وەرنەگرتووە.
 
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرۆسەی خوێندن بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024، بە کۆی دەنگ ئەم بڕیارانە دران: 
 
یەکەم: ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی سەرنجی رای گشتی رادەکێشێت کە خەمخۆرانە و بە رەچاوکردنی دۆخی گشتی، چوار کۆبوونەوەی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن کردووە.
 
دووەم: لەسەرجەم ئەو کۆبوونەوانەدا، ئەنجوومەنی زانکۆ بە کۆی دەنگ پشتیوانی لە سەرجەم ماف و شایستە داراییەکانی مامۆستایان، فەرمانبەران و خوێندکارنی زانکۆ کردووە. 
 
سێیەم: لەو کۆبوونەوانەدا سەرۆکایەتیی زانکۆ بە بڕیاری ئەنجوومەن لە روانگەی بەرپرسیاریێتی مێژوویی پێشوەخت راپۆرتی سەبارەت بە کێشە داراییەکانی زانکۆ، ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کردووە بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن. 
 
چوارەم: هەموو لایەک ئاگاداردەکەینەوە، پڕۆسەی خوێندن لە زانکۆی سلێمانی بۆ ساڵی نوێ کە پەیوەندیدارە بە چارەنووسی خوێندنی زیاتر لە 23 هەزار خوێندکار، بەپێی پێوەرە زانستی و نێودەوڵەتییەکان لەژێر مەترسیی هەڵپەساردندایە. 
 
پێنجەم: ئەنجوومەنی زانکۆ لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا جەخت لە داواکاریمان لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری، وەزارەتی خوێندنی باڵا و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکاتەوە، کە هەنگاوی پەلە و خێر بنێرێت بە مەبەستی چارەسەرکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی مامۆستایان، فەرمانبەران و خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکاران بۆ ساڵی خوێندنی 2023 و 2023 و بڕیاردان لە دەرماڵەی خوێندکاران بۆ ساڵی نوێی خوێندن. 
 
ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی دەڵێت، لە سۆنگەی ئەو راستییانەی سەرەوە، سەرجەم لایەنە ئاماژەپێکراوەکان دەخەینە بەردەم بەرپرسیاریێتییەکی مێژووییەوە تایبەت بە پرۆسەی خوێندن لە زانکۆمان. 
 
ئەمڕۆ، کە 11ـی تشرینی یەکەمی 2023ـیە و تائێستا لە هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی هەشت و نۆ دابەشنەکراوە، بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب، حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ناردنی 700 ملیار دینارە لەلایەن بەغداوە.