بەرپرسێکی ئەمریکی: پاڵپشتێکی بەهێز دەبین بۆ هەرێمێکی بەهێز و خۆڕاگر لە کوردستان

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت، ئەمریکا پشتی لە هەرێمی کوردستان نەکردووە و ئاماژە بەوەش دەکات کە "بەردەوام پاڵپشتێکی بەهێز دەبین بۆ هەرێمێکی بەهێز و خۆڕاگری کوردستان لەنێو عێراقێکی فیدراڵدا." 
 
ڤیکتۆریا تایلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2023، لە دووەم رۆژی دیداری مێریدا لە پانێڵێکدا بەناوی "سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە" گوتی، "هیچ پاڵپشتیکارێکی بە‌‌هێزتر لە ئەمریکا بۆ کوردستانی عێراق نییە. بەردەوام دەبین و پاڵپشتیکارێکی بەهێز بین بۆ هەرێمێکی بەهێز و خۆڕاگری کوردستان لەنێو عێراقێکی فیدراڵدا."
 
ئەو خانمە دیپلۆماتە، ئاماژەی بەوە کرد، لایەنەکانی هەرێمی کوردستانیش هاندەدات ناکۆکییەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن بۆ ئەوەی لە دانوستاندنەکانیاندا لەگەڵ بەغدا لەسەر پرسە گرنگەکان، کاریگەرییان هەبێت. واشنتن پێیوایە هەبوونی هەرێمێکی بەهێزی کوردستان "نەک تەنیا لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانی عێراقە، بەڵکو لە بەرژەوەندی عێراقیشدایە."
 
لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ڤیکتۆریا تایلەر گوتی، "گرنگە گفتوگۆکان بەردەوام بن تاوەکو هەندێ لە کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکرێن. دەزانین کە پرسی بودجە، یاسای نەوت و گاز، هەروەها گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر بەشکردنی داهات بۆ داهاتووی هەرێمەکە گرنگ دەبێت."
 
بەڵام تایلەر گوتیشی، "ئەگەر بمەوێت وەک دۆستێکی مەزنی هەرێمی کوردستان شتێک بڵێم، ئەوە دەبێت بڵێم کە ناکۆکی نێو هەرێمی کوردستان بە راستی کاریگەریی خراپی لەسەر گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا هەیە." 
 
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "بینیومانە کە هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ و دانوستاندنەکانیدا لەگەڵ بەغدا کاریگەرترە کاتێک کە بە بەرەیەکی یەکگرتووەوە دەڕۆن. بۆیە دۆستە باشەکانمان لە هەرێمی کوردستان هان دەدەین رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی ئەو ناکۆکیانە نەهێڵن تاوەکو ئەم پرسە گرنگانە چارەسەر بکەن."
 
رۆژی سێشەممە 10-10-2023 پەیمانگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ توێژینەوە – مێری، دیداری مێری لە هەولێر  بە سپۆنسەریی میدیایی تۆڕی میدیایی دەستپێکرد.
 
دەقی گوتەکانی ڤیکتۆریا تایلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دیداری مێری لە هەولێر: 
 
ڤیکتۆریا تایلەر: هیچ پاڵپشتیکارێکی بە‌‌هێزتر لە ئەمریکا بۆ کوردستانی عێراق نییە. ئێمە بەردەوامیش دەبین لەوەی پاڵپشتیکارێکی بەهێز بین بۆ هەرێمێکی بەهێز و خۆڕاگری کوردستان لەنێو عێراقێکی فیدراڵدا. پێشمانوایە ئەمە نەک تەنیا لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانی عێراقە، بەڵکو لە بەرژەوەندی عێراقیشە. ئەوەی ئێستا ئەو ئاڵنگاریەی لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر هەیە، پێم وایە گرنگە گفتوگۆکان بەردەوام بن تاوەکو هەندێ لە کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکرێن. دەزانین کە پرسی بودجە، یاسای نەوت و گاز، هەروەها گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر بەشکردنی داهات گرنگ دەبێت بۆ داهاتووی هەرێمەکە. ئەگەر بمەوێت وەک دۆستێکی مەزنی هەرێمی کوردستان شتێک بڵێم، ئەوە دەبێت بڵێم کە ناکۆکی نێو هەرێمی کوردستان بە راستی کاریگەریی خراپی لەسەر گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا هەیە. بینیومانە کە هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ و دانوستاندنەکانیدا لەگەڵ بەغدا کاریگەرترە، کاتێک کە بە بەرەیەکی یەکگرتووەوە دەڕۆن. بۆیە دۆستە باشەکانمان لە هەرێمی کوردستان هان دەدەین رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی ئەو ناکۆکیانە نەهێڵن بۆ ئەوەی ئەم پرسە گرنگانە چارەسەر بکەن."