بەرپرسێکی حدکا: ئێران هێزی زیاتری لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کۆکردووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی حدکا رایگەیاند، ئێران بەدرێژایی سنوورەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هێزی سەربازیی زیاتری کۆکردووەتەوە و سیستمی مووشەکیی بالیستی و جۆرەها درۆنیشی ئامادەکردووە. بەرپرسی سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانیش دەڵێت، "دەزانین کە ئێران هێزەکانی لە پیرانشار و بانە و شنۆ زیادکردووە و چاودێریی دۆخەکە دەکەین."
 
رۆژی سێشەممە، 11-10-2022،  محەممەد نەزیف قادری، بەرپرسی ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە کۆکردنەوەی هێز لەلایەن ئیرانەوە لەسەر سنوورەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێران هێزە سەربازییەکانی لەسەر سنوور زیادکردووە و جۆرەها چەکی قورسیان پێیە، وەکو تۆپهاوێژی دوورمەودا و مامناوەند و جێگیرکردنی سیستمی مووشەکی، سەرباری ئەوانەش چەندین درۆن و چەکی دیکەی کۆکردووەتەوە کە پێشتر لە هەرێمی کوردستان تاقیکردوونەتەوە."
 
محەممەد نەزیف قادری گوتی، "ئێران بەدرێژایی سنوورەکانی کوردستان جووڵەی سەربازیی هەیە و جۆرەها چەکی جیاوازی جێگیرکردووە." ئەوەشی رەتکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای جێهێشتنی سنوورەکانی لێکردبن و گوتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لێنەکردووین خاکی هەرێمی کوردستان و سنوورەکان جێبهێڵین، ئەگەر شتێکی ئاواش هەبێت، دەبێت بەشێوەی فەرمی بێت."
 
کاژێر 16:00ـی رۆژی شەممە، 24ـی سێپتەمبەری 2022، هێزی زەوینیی سوپای پاسداران دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی دژی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی راگەیاند و داوای لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد لە بنکە و بارەگای ئەو حیزبانە دوور بکەنەوە.
 
دوای چوار رۆژ و لە 28ـی هەمان مانگ، سوپای پاسداران بە مووشەک و درۆن هێرشیکردە سەر قەڵای دیموکرات و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئەنجامدا 17 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 کەسیش برینداربوون.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو لە دوای هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی رۆژی 28ـی مانگی رابردوو، ئێران بەچەند قۆناخێک دەستی بە کۆکردنەوەی هێزەکانی لە سەرسنوور کردووە.
 
رۆژی سێشەممە، 11-10-2022، ئارام مودەڕیسی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای رووداوەکانی هەفتەی رابردوو کە بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵات بۆردوومانکرا، ئێران هێزێکی لە ناوچەکانی پیرانشار و بانە و شنۆ کۆکردووەتەوە و زیاتری هێزەکان لە پیرانشار و بانەن، هێزەکان سەر بە هێزی وشکانی پاسدارانن و بە چەکی کاتیۆشا و هاوەن و تۆپ و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش هاتوون و گوایە بەپێی بەرپرسانی پاسداران بۆ هێرشی زەوینی بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هێنراون، ئێمەش چاودێریی دۆخەکە دەکەین."
 
ئەو بەرپرسەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە دووری زانی ئێران هێرشی زەوینی بکاتە سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و هۆکارەکەشی رووندەکاتەوە، "باوەڕناکەین ئێران هێرشی زەوینی بکات، لەبەر چەند هۆکارێک، یەکەمیان؛ بەزاندنی سنووری وڵاتێکە کە لەم دۆخە هەستیارەدا زۆر لەسەر ئێران دەکەوێت، هەروەها ئێران لەو کاتانە زیانی زۆر لە هێزەکانی خۆیان دەدەن چ لە ناوەوە و چ لێرە کە ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر بێدەنگ نابین، بۆیە ئەو هێرشە لەڕووی مرۆیی و سیاسی و دیپلۆماسیشەوە زیانی زۆر و تێچووی زۆری بۆ ئێران دەبێت."
 
رۆژی یەکشەممە، 09-10-2022، میدیای نزیک لە سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، لە ئەمڕۆوە هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆسەر حیزبەکانی جوداخوازەکان ئێران (حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان) لەنێو باشووری کوردستان راگیراوە و دەستپێنەکردنەوەی پەیوەندی بە مامەڵەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. 
 
میدیای نزیک لە سوپای پاسداران لە زاری سەرچاوەیەکەوە دەڵێت، ئەگەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان رێگە لە جموجووڵی "حیزبە جوداخوازەکان"ـی دژی ئێران بگرن، ئاگربەستەکە بەردەوام دەبێت، ئەگەرنا جارێکی دیکە سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆن دژی ئەو گرووپە "دژبەران"ـە دەستپێدەکاتەوە.