تەنیا سێیەکی پارەی گەنمی جووتیارانی سنە خەرجکراوە

رووداو دیجیتاڵ
 
نوێنەری کۆمپانیای بازرگانیی حکومی لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئێستا شەش تریلیۆن و 743 ملیار تمەن پارەی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکە خەرجکراوە کە دەکاتە نزیکەی سێیەکی کۆی پارەکەیان.
 
جەمال ساڵحی، نوێنەری کۆمپانیای بازرگانیی حکومی لە پارێزگای سنە رۆژی سێشەممە رایگەیاند، لە سەرەتای وەرزی دروێنەی ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە یەک ملیۆن و 166 هەزار تۆن گەنم بە بەهای زیاتر لە 20 تریلیۆن و 771 ملیار تمەن لە جووتیارانی پارێزگاکە وەرگیراوە و بەمەش 97٪ـی پێشبینییەکان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکە هاتووەتەدی.
 
جەمال ساڵحی گوتی، تائێستا بە شەش قۆناخ بڕی شەش تریلیۆن و 743 ملیار تمەن لەو پارەیە خەرجکراوە کە دەکاتە 32.58٪ـی کۆی گشتیی پارەی جووتیارانی پارێزگاکە.
 
حکومەتی ئێران بۆ ئەم ساڵ یەک کیلۆ گەنم بە 17 هەزار و 500 تمەن (30 سەنت) لە جووتیاران دەکڕێت.
 
ئەم ساڵ خەرج نەکردنی پارەی گەنمی جووتیاران لە کاتی خۆیدا ناڕەزایی زۆری جووتیارانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی لێکەوتووەتەوە و لە چەندین پارێزگا گردبوونەوەیان کرد و داوای خەرجکردنی پارەکەیان کرد.
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی حکومەتی ئێران، ئەم ساڵ لە پارێزگای سنە زۆرترین بڕی گەنمی وەرگیراو لە شاری بیجاڕ بووە کە 289 هەزار تۆن بووە. هەروەها لە سنووری شاری دیواندەرە 213 هەزار تۆن، دێگوڵان 187 هەزار تۆن، قوروە 183 هەزار تۆن و لە سەقزیش 182 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە.
 
جەمال ساڵحی ئاماژەی بەوەشکرد، کەمترین بڕی گەنمی وەرگیراو لە سنووری شارەکانی بانە، مەریوان و سەوڵاوا بووە. 
 
بەپێی پێشبینییەکانی کشتوکاڵی پارێزگای سنە، ئەم ساڵ گەنم لەو پارێزگایە دەگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن. هەروەها پێشبینی کراوە کە لەو بڕە یەک ملیۆن و 200 هەزار تۆن لە لایەن ناوەندەکانی وەرگرتنی گەنمی سەر بە حکومەت و کەرتی تایبەتەوە بکڕدرێت.
 
ئەم ساڵ لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان 87 ناوەند بو وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کراونەتەوە.
 
نوێنەری کۆمپانیای بازرگانیی حکومی لە پارێزگای سنە روونیکردەوە، ئەم ساڵ زیاتر لە 430 هەزار تۆن گەنم لە پارێزگای سنەوە رەوانەی نۆ پارێزگای دیکەی ئێران کراوە کە بریتین لە؛ پارێزگای تاران، ئەلبورز (کەرەج)، ئەسفەهان، قوم، مازەندەران، گیلان، یەزد و بووشێهر.
 
رۆژی یەکشەممە، 8ی ئەیلوولی 2024، وەزیری کشتوکاڵی ئێران رایگەیاند، تائێستا 75٪ـی پارەی گەنمی جووتیاران خەرجکراوە و هەوڵدەدەن 25٪ـی دیکەی پارەکە لە رۆژانی داهاتوودا دابین بکەن.