لە گۆیژەی سلێمانی خوێندکارێکی زانکۆ کوژرا
رووداو - سلێمانی
لە چیای گۆیژەی سلێمانی خوێندکارێکی زانکۆ لەکاتێکدا لەگەڵ كچێك بووە، لەلایەن كەسێكەوە دەستڕێژی گوللەی لێکراوە و کوژراوە، گوتەبێژی پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی سلێمانیش دەڵێت كچەكە دەستگیركراوە.
رائید ئیقبال محەممەد، گوتەبێژی پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، شەوی رابردوو 10-9-2017، لە چیای گۆیژە گەنجێك كە خوێندكاری زانكۆ بووە و لەگەڵ كچێكدا بووە، لەلایەن كەسێكەوە تەقەی لێكراوە و كوژراوە.
ئیقبال محەممەد گوتیشی: "دوای رووداوەكە كچەكە دەستگیركراوە، تاوەكو ئێستا تەنیا ئەوەندە دەڵێت كە لەلایەن كەسێكی نەناسراوەوە تەقە لە كوڕەكە كراوە".
گوتەبێژی پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی سلێمانی باسی لەوەش كرد، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە كراوەتەوە لێكۆڵینەوەش بەردەوامە.
گەنجە كوژراوەکە تەمەنی 25 ساڵ و خوێندكاری زانكۆی كۆمار بووە، كچەكە دەستگیركراوەکەش كارمەندی مۆڵێکی سلێمانییە.
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح