گەنجێکی کورد لە رێگەی ئەورووپا شەمەندەفەر لێی دەدات و گیان لەدەستدەدات
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی دەربەندیخان راگەیاند، گەنجێکی دانیشتووی شارەکە لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی چوونەتە ئەورووپا و لە ئیتاڵیا شەمەندەفەر لێیداوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
رۆژی پێنجشەممە، 11ـی تەممووزی 2024، سڵێمان سەعید، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو گەنجە لەگەڵ هاوژین و سێ منداڵی لە ئیتاڵیاوە ویستوویانە بچنە فەرەنسا، بەڵام لە رێگەدا رووداوەکە روویداوە."
بە گوێرەی قایمقامی دەربەندیخان رووداوەکە بەمشێوەیە بووە: "چیا قارەمان لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی سواری شەمەندەفەرەکە بوون، بەڵام بەر لەوەی بەڕێ بکەوێ، منداڵەکانی داوای ئاوییان لە باوکیان کردووە، ئەویش دابەزیوە، ئاوی بۆ هێناون، پێش ئەوەی بگەڕێتەوە شەمەندەفەرەکە دەکەوێتە رێ، چیا هەوڵدەدات بچێتە نێو شەمەندەفەرەکە، بەڵام کاتێک خۆی پێدا هەڵدەواسێت، دەکەوێتە ژێر شەمەندەفەرەکە و گیان لەدەستدەدات."
سڵێمان سەعید دەڵێت، ئەو گەنجە پێشتر پۆلیس بووە لە قایمقامیەتی دەربەندیخان و پاسەوانی قایمقامی قەزاکە بووە (واتە پاسەوانی خۆی بووە).
چەند مانگێکە کۆچکردنی هاونیشتمانییان بۆ ئەورووپا رووی لە زیادبوون کردووە، رۆژی 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ، کاژێر 05:50ـی بەیانی، بەلەمێك لە شاری بۆدروومی تورکیا بە 76 کۆچبەرەوە کە زۆربەیان کوردی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان بوون، بەڕێکەوت، کە 24 تاوەکو 26 منداڵی تێدا بوو؛ زۆربەیان خێزان و ژمارەیەکی کەمیان سەڵت بوون. دوای چوار رۆژ لە گەشتەکە دەگوترێت، بزووێنەری بەلەمەکە شکاوە و بووەتە هۆی کونبوونی بەلەمەکە. بەلەمەکە ژێرئاو کەوت و لە نزیکەی 30 خولەکی سەرەتادا زیاتر لە 40 کەسیان خنکاون و ئەوانەی دیکە، خۆیان بە بەلەمە نیوە نقوومبووەوەکەوە گرتووەتەوە.
بەپێی راپۆرتێکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە ماوەی ساڵانی نێوان 2015 تاوەکو شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ، 591 کەس لە رێگەی گەیشتن بۆ ئەوروپا بوونەتە قوربانی، لەوانە 343 کەسیان گیانیان لەدەستداوە، 248یشیان بێسەروشوێنن.