سێ ڤایرۆس لە نێو پەلەوەرخانەکانی سلێمانی بڵاودەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان دەڵێت، بەهۆی بڵاوبوونەوەی سێ ڤایرۆس (ئای بی، نیوکاسڵ، گەمبۆرۆ) 40٪ـی مریشکی پەلەوەرخانەکان لە نێوچوون و ئەگەر بە زووترین کات ڤاکسین دابین نەکرێت ئەو رێژەیە زیاتر دەبێت. بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری هەولێریش دەڵێت، "ڤایرۆسی نیوکاسڵ ئەگەر لە پڕۆژەی پەلەوەری گەورە بدات ئەوە 50 بۆ 100 هەزار مریشک لە نێو دەبات."
رۆژی سیشەممە، 11-07-2023 نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیکەی مانگێک دەبێت سێ ڤایرۆس بە ناوەکانی ئای بی، نیوکاسڵ و گەمبۆرۆ لە نێو پەلەوەرخانەکان بڵاوبوونەتەوە کە بەهۆیەوە 40٪ـی مریشک لەنێوچوون، پڕۆژە هەیە لە ماوەی 24 کاژێر بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە 3400 مریشکی لەنێوچووە."
بە گوتەی نازم عەبدوڵڵا، ئێستا خاوەن پەلەوەرخانەکان لە دوولاوە زەرەر دەکەن، لە لایەکەوە بەهۆی نزمبوونەوەی نرخی مریشک، هاوکات بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەو سێ ڤایرۆسە و دەڵێت، "ئەمشەو لە پەلەوەرخانەکان نرخی کیلۆیەک مریشک بە 2250 دینار بووە لە کاتێکدا 2800 دینار لەسەر خۆمان دەکەوێت، ئەوە جگە لەوەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئەی بی، نیو کاسڵ و گەمبۆرۆ لە زەرەرداین."
سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان لە بارەی هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسانە گوتی: "ئەو ڤایرۆسانە لە هەموو وڵاتێکی دنیادا هەیە و ساڵانە لەکاتی گەرمادا بڵاودەبنەوە، بەڵام لە وڵاتانی دیکە نابنە هۆکاری لەنێوچوونی مریشک بەو ژمارە زۆرەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام لێرە بەهۆی نەبوونی ڤاکسینێکی دیاریکراو زیانێکی زۆر دەکەین، لە هەرێمی کوردستان چەندین ڤاکسین هەیە کە هەر کەس بە ئارەزووی خۆی کرین و فرۆشتنی پێوە دەکەن لە کاتێکدا ڤاکسین ئاسایشی نیشتمانییە."
بە گوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 145 هەزار تۆن گۆشتی مریشکە، بەڵام ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بە کەرتەکە بدات بەرهەمی ساڵانە زیاتر دەبێت لە 400 هەزار تۆن.
ڤایرۆسەکان چین؟
مامەند محەممەد، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی هەولێر لەبارەی ئەو سێ ڤایرۆسە بە رووداوی گوت، "ڤایرۆسی ئای بی، نیو کاسڵ و گەمبۆرۆ سێ ڤایرۆسی سەربەخۆن کە لە نێو مریشک و باڵندەکان بڵاودەبنەوە دەکرێت بە ڤاکسین کۆنترۆڵ بکرێت، ڤایرۆسی ئای بی؛ تووشی کۆئەندامی هەناسەی مریشکەکە دەبێت و کاریگەری لەسەر هەناسەدانی دەبێت، نیوکاسل تووشی کۆئەندامی هەناسە، هەرس و دەمارەکانیش دەبێت و کاریگەری لەسەر هەرسێکیان دەبێت، گەمبۆرۆ کاریگەری لەسەر بەرگری دەبێت و بەرگری مریشکەکە دژی نەخۆشییەکان لاواز دەکات و رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی ئەو مریشکەی تووشی بووە تووشی نەخۆشی دیکە بێت، چونکە بەرگری لاواز دەبێت."
بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری هەولێر لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئای بی، نیوکاسڵ و گەمبۆرۆ دەڵێت: "ئەگەر ئەو ڤایرۆسانە بە نموونە نیوکاسل لەنێو پەلەوەرخانەی گەورە بڵاوببێتەوە ئەوە زیانی زۆری دەبێت لەوانەی 50 بۆ 100 هەزار مریشک لە نێو ببات."
بە گوتەی بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری هەولێر، هیچ یەکێک لەو ڤایرۆسانە بۆ مرۆڤ ناگوازرێنەوە و تەنیا لە نیو مریشکەکان دەگوازرێتەوە. لە بارەی ئەو ڤاکسینانەی لە هەرێمی کوردستانیش هەن گوتی، "پێشتر بەرنامەی حکومەت و وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوە بوو کە ڤاکسینی دەهێنا و بەخۆرایی دەیدایە خاوەن پەلەوەرخانەکان، بەڵام لەو ساڵانەی دوای کە بودجە نەبوو کەرتی تایبەت بەگوێڕەی ئەو مەرجانەی وەزارەتی کشتوکاڵ دیاریکردووە ڤاکسینی هاوردە دەکرد، بەڵام ئەوەش بەگوێرەی ئەو مەرجانەی وەزارەتی کشتوکاڵ دیاریکردوون و لەژێر چاودێری ئەوان، بۆیە پێویستە ئەو ڤاکسینانەی لە بازاڕەکاندا هەن باش بن."