لە ئامەد 15 رۆژنامەڤانی کورد دادگایی دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان یەکەمین دانیشتنی دادگە لەبارەی دۆسیەی 18 رۆژنامەڤانی کورد بەڕێوەدەچێت، کە 15یان ماوەی 13 مانگە لە زیندانن و بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، دەستگیرکراون.
یەکەمین دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی تەممووزی 2023 لە چوارەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد دەستپێدەکات.
کۆمەڵەی رۆژنامەڤانانی دیجلە و فورات رۆژی دووشەممە، 10ـی تەممووزی 2023 داوای لە یاساناس و سیاسەتڤانان کرد ئامادەی دانیشتنەکەی دادگە بن و خۆیان بە خاوەنی راگەیاندنی کوردی بزانن.
لە یەکەمین دانیشتنی دادگاییکردنی ئەو رۆژنامەڤانانەدا چەند پەرلەمانتارێکی پارتی چەپی سەوز-یەسەپە، پارتی گەلی کۆماری-جەهەپە، لەگەڵ ژمارەیەک پارێزەر، نوێنەر و بەڕێوەبەرانی رێکخراوە مەدەنییەکان ئامادە دەبن.
ئەو 15 رۆژنامەڤانە کوردەی لە زیندانن، رۆژی هەشتی حوزەیرانی 2022 لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکاندا کە لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی ئامەد بەڕێوەچوو، دەستبەسەرکران.
لەو ئۆپەراسیۆنەدا 22 کەس دەستبەسەرکران، کە 20یان رۆژنامەڤان بوون، دوای هەشت رۆژ لە دەستبەسەرکردنیان 16 رۆژنامەڤان بەتۆمەتی ئەندامێتیی پەکەکە بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە، بەڵام سافییە ئاڵاگاش بەڕێوەبەری "ژن نیوز" رۆژی 15ـی حوزەیران ئازاد کرا.