لە بانە هەشت گەنج لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکران


رووداو دیجیتاڵ

هەشت گەنج لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەرکران. لە پیرانشاریش مامۆستایەکی ئایینی پێنج رۆژە دەستبەسەرکراوە.
 
هێزەکانی ئیتلاعات ئەمڕۆ دووشەممە لەنێو شاری بانە هەشت هاونیشتمانی دانیشتووی شارەکەیان دەستبەسەرکرد. دەستبەسەرکراوان تەمەنیان لەنێوان 26 بۆ 35 ساڵاندایە و خەڵکی نێو شار و گوندەکانی دەوروبەری بانەن.
 
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، هێزەکانی ئیتلاعات لەکاتی دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانەدا هۆکاری دەستگریکردنیان روون نەکردووەتەوە و بەڵگەی دەستبەسەرکردنیشیان پێشان نەداون.
 
لەلایەکی دیکەوە، مەلا یونس نەوخا، مامۆستای ئایینی خەڵکی پیرانشار کە لە رۆژی پێنجشەممەوە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکراوە، هێشتا ئازاد نەکراوە. 
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو مامۆستایە یەکجار پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە کردووە و پێی راگەیاندوون گواستراوەتەوە بۆ ئیتلاعاتی ورمێ و هۆکاری دەستبەسەرکردنەکەشی دیار نییە.