ژینگەی سنە: ئەو کەسەی بەهۆی یاریی هامستەر سمۆرەیەکی ئازار دابوو، دەستگیر کرا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی ژینگەی پارێزگای سنە رایگەیاند، ئەو کەسەی ڤیدیۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و تێیدا لە کاتی یاریی ئەلیکترۆنی هامستەر ئازاری سمۆرەیەک دەدات، لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستبەسەر کرا.
 
سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024 ئیقبال حەمیدی، بەڕێوەبەری گشتیی ژینگەی پارێزگای سنە رایگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە سۆشیاڵ میدیا، کە تێیدا کەسێک لەکاتی یاریی ئەلیکترۆنیی هامستەردا، ئازاری سمۆرەیەک دەدات، دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کردووە و بە هاوکاریی فەرمانگەی ژینگە و پۆلیسی چاودێریکردنی پێگە ئەلیکترۆنییەکان، ناسراو بە فەتا، ئەو کەسە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا.
 
پێشتر حەیدەر وەیسی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ژینگەی سنە گوتبووی، ڤیدیۆی ئەو کەسەیان داوەتە هێزە ئەمنییەکان و یەکەی پاراستنی ژینگەی پارێزگای سنە، بۆئەوەی دەستگیری بکەن.
 
ماوەیەکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران یارییەکی ئەلیکترۆنی بەناوی هامستەر کۆمبەت لەسەر پلاتفۆرمی تەلەگرام بووەتە باو، خەڵکی بە هەموو تەمەن و چین و توێژەکانەوە لەسەر مۆبایلەکانیانەوە پێوەی خەریکن.
 
شێوازی یارییەکە بەو شێوەیە، هەموو بەکارهێنەرێک دەبێت پەنجەی لەسەر وێنەی هامستەرەکە دابنێت و گرتە بکات بۆئەوەی خاڵێک بەدەستبهێنێت، تاوەکو ژمارەی لێدانەکانی زیاتر بێت خاڵی زیاتری دەستدەکەوێت.
 
گرتەیەکی ڤیدیۆیی پیاوێک کە سمۆرەیەکی بەدەستەوەیە، بە شێوەیەکی بەربڵاو لە سۆشیال میدیادا بڵاوبووەتەوە کە تێیدا پیاوەکە دەڵێت، "ئەمە ئەو بوونەوەرەیە کە 80 ملیۆن کەس بەدوایدا دەگەڕێن،" دواتر بە شێوەیەکی بێ بەزەییانە سەر و دەمی ئەو بوونەوەرە دەگرێت و دەیخاتە سەر شاشەی مۆبایلەکەی، بە لێدانی سەر و دەمی سمۆرەکە لە شاشەکە هەوڵدەدات لە یارییەکەدا خاڵی زیاتر کۆبکاتەوە.