لە شەش مانگدا 20 کرێکار لە هەرێمی کوردستان لە کاتی کارکردن گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێ کرێكار لە سلێمانی لەکاتی کارکردن گیانیان لەدەستدا و کرێکارێک بە سەختی برینداربوو؛ لە دهۆکیش دوو کرێکار برینداربوون. لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 20 کرێكار لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان لە سلێمانی بوون.
ئەمساڵ لە سلێمانی 14 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
رۆژی یەکشەممە 11-06-2023، چالاک رەئووف، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی کەوتنە خوارەوەی کرێن تاوەرێک لە پرۆژەی دەرو سیتی لە گەڕەکی راپەڕینی سلێمانی، سێ کرێكار گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان تورکمانە و دووی دیکە عەرەبن و خەڵکی شاری موسڵن. کرێكارێکیش بە سەختی بریندارە کە خەڵکی دێرەزوورە لە سوریا و لە دایکبووی 1977ـە."
ئەمساڵ زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدانی کرێکاران لە سلێمانی و دەورووبەری بووە. بە گوتەی سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، 14 کرێکار لە سلێمانی و دەوروبەری لە کاتی کارکردن گیانیان لەدەستداوە. بەشێکی زۆریان ئەو کرێکارانە بوون کە لە پڕۆژەی بیناسازی کاردەکەن و "بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی" گیانیان لەدەستداوە.
لەبارەی ژمارەی برینداربوونی کرێکاران چالاک رەئووف گوتی: "برینداری قورس، سووک و مامناوەند هەن، زۆرجاریش لەبەرئەوەی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ نەکراوە، دەیشارنەوە و ئامادەنین دان بەوەدا بنێن کە لە کاتی کارکردن برینداربوون، بۆیە سەدان کرێکار هەن کە لە کاتی کارکردن برینداربوون، بەڵام تۆمارنەکراون."
بە گوتەی چالاک رەئووف: "چوار لیژنەی هاوبەشمان لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەیە، لیژنەیەک هەیە لە تەواوی کوردستان تەنیا لە سلێمانی هەیە و لەسەر داوای سەندیکای سلێمانی دروستکراوە و پێنج ساڵە لە قایمقامێتی سلێمانی کار دەکات و قایمقامییەت لەسەر بودجەی خۆیان دروستیان کردووە و تایبەتمەندە بە بەدواداچوون و نەبوون پێداویستییەکانی سەلامەتی لە شوێنی کاردا، ئەو لیژنەیەکە لە 8ـی بەیانی تاوەکو 4:00ـی ئێوارە کاردەکات، بەڵام یەک لیژنە ناتوانێت فریای هەموو پڕۆژەکان بکەوێت. "
سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان گوتیشی: "بەگوێرەی یاساکان دەبێت بەڕێوەبەرایەتیی بەکارخستنی پارێزگاکان کە سەر بە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتییە لیژنەی تایبەتیان هەبێت بۆ بەدواداچوون لە سەلامەتی شوێنی کار، بەڵام ئەو لیژنانە بە هۆکاری جۆراوجۆر کارانین و هەموو رۆژ ناڕۆن سەردانی شوێنی کاربکەن."
لە هەولێر پێنج کرێكار گیانیان لەدەستداوە و 11 برینداربوون
یوسف کەریم، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵ تاوەکو ئێستا، پێنج کرێکار لە هەولێر گیانیان لەدەستداوە و 11 کرێکاریش برینداربوون، کە بەشێکی زۆریان بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتییەوە بووە.
بە گوتەی یوسف کەریم، لە هەولێر تەنیا یەک لیژنەی سەلامەتی پیشەیی هەیە بۆ ئەوەی سەردانی شوێنی کارکردن بکات و ئەویش فریای هەموو پڕۆژەکانی هەولێر ناکەوێت، بۆ ئەوەی سەرجەم پڕۆژەکان بەسەربکاتەوە پێویستیان بە سێ ساڵ دەبێت، بۆیە دەبێت ژمارەی ئەو لیژنانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کار کە سەر بە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتییە زیاد بکرێت.
سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان دەڵێت: "سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی کارمان کردووە و داوامان کردووە ژمارەی لیژنەکان زیاد بکەن بۆ ئەوەی بتوانن سەرجەم پڕۆژەکان بەسەربکەنەوە. چونکە لیژنەکان تەنیا سەردانی باڵەخانەکان ناکەن دەبێت سەردانی هەموو ئەو شوێنانە بکەن کە کرێکاری تێدایە، بەرێوەبەرایەتیی کاریش پێیان راگەیاندووین کە ژمارەی لیژنەکان زیاد دەکەن و ئێمەش چاوەڕوانی زیادکردنیژمارەی ئەو لیژنانەین."
ئەمساڵ لە دهۆک یەک کرێکار گیانی لەدەستداوە و سێ کرێکاریش برینداربوون
وڵات ئۆزمانی، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 11ـی حوزەیران، یەک کرێکار گیانی لەدەستداوە و سێ کرێکار بریندار بوون."
ئەمڕۆ لە یەکێک لە تاوارەکانى سەنتەرى شارى دهۆک بەهۆى لەکارکەوتنى ئاسانسۆرێکی کارکردن سێ کرێکار برینداردەبن. لەبارەی هۆکاری برینداربوونی کرێکاران لە کاتی کارکردن، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان گوتی: "هەمووی بەهۆی خەمساردی خاوەن کارەکانەوەیە، سێ چوار لیژنەش هەن بۆ ئەوەی سەردانی شوێنی کارکردنی پڕۆژەکان بکەن و ئەوان سەردانی خۆیان دەکەن بەڵام فریای هەموو پڕۆژەکان ناکەون."
وڵات ئۆزمانی دەشڵێت: "پێویستە بودجە بۆ لیژنەی پشکنین تەرخان بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن سەردانی هەموو ئەو شوێنانە بکەن کە کرێکاری تێدایە و دڵنیاببنەوە لە سەلامەتی ئەو شوێنانەی کارکردن، چونکە ئێستا بەهۆی نەبوونی بودجەی دیاریکراو ناتوانن هەموو پڕۆژەکان بەسەربکەنەوە."
لە هەڵەبجە هیچ گیانلەدەستدان و برینداربوونێکی کرێكاران لە سەندیکا تۆمارنەکراوە
کارزان محەممەد، سەرۆکی لقی هەڵەبجەی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمساڵ هیچ گیانلەدەستدان و برینداربوونی کرێکاران لە پارێزگای هەڵەبجە تۆمارنەکراوە، رەنگە هەبووبێت، بەڵام بە فەرمی لە سەندیکا تۆمارنەکراوە."