حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نێوخۆ بەشێوەی نەختینەیی رادەستی بەغدا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نێوخۆ بە نەختی رادەستی بەغدا دەکات، بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، چاوەڕوانین حکومەتی عێراقیش پابەندییەکانی جێبەجێ بکات لەوانە ناردنی مووچە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە (8-5-2024)رەزامەندی پێشاندراوە بە رادەستکردنی داهاتی نێوخۆ بەشێوەی نەختینەیی بە بەغدا، رادەستکردنەکە بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی و یاسای بودجە دەبێت.
 
بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، لەدوای ساڵی 2005ـەوە تاوەکو ئێستا بەشێوەی 'موقاسە' لێبڕین بە بەغدا دراوە، بەڵام ئێستا بەغدا داوا دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەی نەختینەیی پارەکە رادەست بکات، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر ئەوە دراوە.
 
لەبارەی وردەکارییەکەوە بەرپرسەکە گوتی "لە کۆبوونەوەکەدا رەزامەندی دراوە داهاتی نانەوتی نێوخۆ کە مانگانە نزیکەی 320 ملیار دینارە رادەستی بەغدا بکرێت، لە کۆبوونەوەی ئەو شاندەی هەرێمی کوردستان کە ئامانج رەحیم (سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران) سەرپەرشتی دەکرد و چوونە بەغدا، رێککەوتن کراوە مووچەی فەرمانبەران لە 'ئینفاقی فعلی' جیابکرێتەوە."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، جگە لە مووچە، بەغدا لەبەرامبەر رادەستکردنی داهاتی نێوخۆ بەشێوەی نەختینە، خەرجی بەکاربردن، بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
 
لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەو بەرپرسە باڵایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: جگە لە رادەستکردنی داهات، دەستکردن بە بانکیکردنی مووچە داواکارییەکی دیکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقە بۆ ناردنی مووچە و لەگەڵ بانکی بازرگانی عێراق رێککەوتن کراوە، تۆمارکردنی فەرمانبەران لەو بانکە دەستیپێکردووە، چاوەڕوانن حکومەتی عێراقیش پابەندییەکانی جێبەجێ بکات.