ئەو چوار هاونیشتمانییەی سوپای عێراق دەستگیری کردن، ئازادکران


رووداو دیجیتاڵ

لە کۆتایی هەفتەی رابردوو لە ناوچەی جەوەڵ عەزەدین لە سنووری ناحیەی نەوجول سوپای عێراق 4 هاونیشتمانی بەتۆمەتی داعش بوون دەستگیرکران ئەمرۆ لە بەغدا دوای هەوڵێکی زۆر ئازادکران.
 
رەشید ئەحمەد، باوکی یەکێک لە گیراوەکانی و مامی دووانی دیکەیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کوڕەکانی ئێمە بۆ راوکردن چوون بۆ جەوەڵ عەزەدین لە باشووری رۆژئاوای ناحیەی نەوجولی سەر بە کفری لەو کاتەدا پۆلیسی دارستان و پێشمەرگە وادەزانن داعشن و تەقەیان لێدەکەن ئەوانیش شەوارە دەکەن و بەرەو رووی هێزەکانی سوپای عێراق دەچن، سوپاش تەقەیان لێدەکەن و دواتر دەستگیریان دەکەن، دوای هەوڵێکی زۆر ئەمڕۆ لە بەغدا ئازادکران".
 
رەشید ئەحمەد گوتیشی، "کوڕەکانی ئێمە ئێستا لای لیوای تایبەتی سەرۆکایەتیی کۆمارن لە بەغدا بڕیارە سبەی بگەرێنەوە بۆ کفری و کەلار بۆ نێوماڵ منداڵمان".
 
پێشتر کامەران عومەر، بەرێوەبەری پۆلیسی کفری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاگاداری رووداوەکەن و ئەو کەسانە تەقەیان لە پۆلیس و پێشمەرگە و سوپای عێراق کردووە، لەلایەن فرقەی پێنجی سوپای عێراق لیوای 20 فەوجی 1 دەستبەسەرکراون.