ساڵانە بە بەهای 400 ملیۆن دۆلار تایە هاوردە دەکرێت
رووداو- هەولێر
تایەی چینی لە بازاڕەکانی باشووری کوردستان خواستیکی زۆری لەسەرە و ساڵانەش لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 400 ملیۆن دۆلار بۆ هاوردەکردنی تایە دەچێتە دەرەوە ، تاوەکو ئێستاش هیچ کارگەیەکی بەرهەمهێنانی تایە لە باشووری کوردستان نییە ، لەکاتێکدا ساڵانە 5 بۆ 6 ملیۆن تایە هاوردە دەکرێت.
بازاڕی تایەی چینی لە باشووری کوردستان گەرمە ، ئەو تایانەی ساڵانە بە سەدان ملیۆن دۆلار دەبەنە دەرەوە ، بازرگانانی تایەی ئۆتۆمبێل ئاشکرای دەکەن ساڵانە لە نیوان 5 بۆ 6 ملیۆن تایە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت ، ئەگەر ئاستی ناوەند وەربگیرێت و نرخی هەر تایەک بە 60 دۆلار دابندرێت ئەوا ساڵانە لەو بازرگانییەدا نزیکەی 400 ملیۆن دۆلار دەچێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
رێبوار فەتاح ، بازرگانی تایەی ئۆتۆمبێل بە رووداوی راگەیاند: "ئەگە ر بێن کارگەیەک دروست بکەین ، تەنیا یەک ماددەی خاممان دەستدەکەوێت بۆ دروستکردنی تایە ئەویش نەوتە ، دەبێت ماددەکانی دیکە لە دەرەوە بهێندرێن، بۆیە ئەو تایەی دەیفرۆشی گرانتر دەوەستێت لەو تایانەی لە چین و تورکیاوە دەهێندرێن".
لە باشووری کوردستان هیچ کارگەیەکی دروستکردنی تایەی ئۆتۆمبێل نیئە ، کەتان و سیم و نەوت و لاستیک و پۆلستەر ماددە سەرەکییەکانی دروستکردنی تایەن ، کە تەنیا نەوتەکەی لە باشووری کوردستان هەیە ، ئێستا تایەکانی وڵاتانی چین، كۆریا، تایلەند، مالیزیا، ئیندۆنیزیا، توركیا، ئیمارات، هیند ، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەستدەکەون".
وڵاتی ئیمارات یەکێکە لە سەرچاوەکانی هێنانی تایەی بەکار هاتوو بۆ باشووری کوردستان، ئەو تایانەی مارکەن و بەشێکیان لێرە دەستناکەون.
فەرمان میرزا، بازرگانی تایەی ئۆتۆمبێل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گرانی بازاڕ و قەیرانی دارایی وایکردووە تایەی بەکارهاتوو خواستی لەسەر بێت ، بۆ نموونە تایەکانی هەندێک ئۆتۆمبێل هەیە نرخیان دەگاتە 600 دۆلار و زیاتریش ، بەڵام لە تایە بەکارهاتووەکان دەتوانێ بە 300 دۆلار بیکڕیت"
پێشتر کارگەیەک لە باشووری کوردستان هەبوو تایەی دووبارە چاك دەكردەوە، بە تایبەتی تایەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر. ئەمەش سوودێكی زۆری بۆ پارێزگاری لە ژینگە و كەمكردنەوەی هاوردەكردنی تایە هەبوو ، بەڵام بەهۆی هەرزانیی نرخی تایەی چینی، ئەم کارگەیە فەشەلی هێنا.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان