فەرەنسا کوردێکی دیکەی رادەستی تورکیا کردەوە
رووداو دیجیتاڵ
فەرەنسا کوردێکی بە ناوی محەممەد کۆپاڵ رادەستی تورکیا کردەوە. ئەنقەرە دەڵێت، ئەو کەسە ئەندامی پەکەکە بووە، بەڵام رێکخراوەکانی نزیکی پارتەکە ئەو بانگەشەیە رەتدەکەنەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی تورکیا رایگەیاند، فەرەنسا رۆژی سێشەممە 9ـی نیسانی 2024، "ئەندامێکی پەکەکە"ـی بەناوی محەممەد کۆپاڵ رادەستی ئەوان کردووە.
بەڵام ئەنجوومەنی دیموکراتی کورد لە فەرەنسا سەرکۆنەی بڕیارەکەی کرد و رایگەیاند محەممەد کۆپاڵ ئەندامی پەکەکە نییە و تەنیا چالاکڤانێکی کوردە.
لە راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی تورکیا ئاماژە بەوەدرا، گەڕانێکی نێودەوڵەتی بۆ گرتن و رادەستکردنی محەممەد کۆپاڵ هەبوو، بەهۆی تاوانی ئەندامبوون لە پەکەکە - کەجەکە. لە ئەنجامی کار و هەوڵی هاوبەشی ئینتەرپۆل - یۆرۆپۆل و وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی محەممەد کۆپاڵ درا و لە 9ـی نیساندا رادەستی تورکیا کرایەوە.
دوای ئەمەش ئەنجوومەنی دیموکراتی کورد لە فەرەنسا (CDK-F) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەم دیپۆرتکردنەوەیە دەرئەنجامی هاوکاری تورکیا و فەرەنسایە و دژی بەها سەرەتاییە مرۆییەکانە".
فەرەنسا مانگی رابردووش کوردێکی دیکەی بە ناوی فیراز کۆرکماز رادەستی تورکیای کردەوە.