گوتەبێژی UN لەبارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ رووداو: عێراق سکاڵای نەکردووە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بە رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق هیچ سکاڵایەکی لە دژی تورکیا لای ئەوان تۆمار نەکردووە. سەرچاوەیەکیش لە حکومەتی عێراق هەمان شتی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە.
ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداودا باسی لەوەش کرد، "ئێمە پشتگیری تەواوی خۆمان دوپاتدەکەینەوە بۆ یەکپارچەیی خاکی عێراق" و داواش دەکات وڵاتان رێز لە سەروەریی خاکی عێراق بگرن.
رۆژی هەینی 7ـی نیسانی 2023، لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی وێنەی دووکەڵی ئاگر بڵاوبووەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداویش، ئامانجی هێرشەکە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بووە، بەڵام ناوبراو و تیمەکەی بە سەلامەتی رزگاریان بوو و، گەڕانەوە رۆژئاوای کوردستان.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە وڵاتەکەی تاوەکو ئێستا هیچ سکاڵایەکی لە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار نەکردووە و هیچ بڕیارێک لە بەغدا نەدراوە بۆ ئەوەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵا لە دژی تورکیا تۆمار بکرێت. ئەمە لە کاتێکدا سەرۆککۆماری عێراق لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی رۆژی 7ـی نیسانی خستە ئەستۆی تورکیا و رایگەیاند: پێویستە ئەنقەرە داوای لێبووردن بکات.
لە ساڵی 2016ـەوە وەزارەتی دەرەوەی عێراق چەندین جار رایگەیاندووە کە لەبارەی هەر چالاکییەکی سەربازیی تورکیا لە ناو سنوورەکانی وڵاتەکەی، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵای تۆمارکردووە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تایبەتی رووداو، زۆربەی ئەو نامانەی کە عێراق دەڵێت وەکو سکاڵا ناردوونی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنیا لیستی کات و شوێن و وردەکاریی چالاکییە سەربازییەکانی تورکیای تێدایە و عێراق داوای هیچ گوشار و هەنگاوێکی نێودەوڵەتیی نەکردووە. هەروەها لەبارەی چالاکییە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئێران، نوێنەرایەتیی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ هەنگاوێکی دیپلۆماسی نەنانەوە.
هەر بەگوێرەی بەدوادوواچوونێکی رووداو، لە دوای ساڵی 2003ـەوە تاوەکو ئێستا تووندترین سکاڵای عێراق لە دژی دەستدرێژیی هێزێکی دەرەکی لە ناو خاکی وڵاتەکەی، لە دژی ئەمریکا بووە لە ساڵی 2020 کاتێک ئەمریکا لە هێرشێکدا بەرپرسی پێشووی سوپاسی قودسی ئێران و بەرپرسی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە بەغدا کوشت.