ئەو دوو کتێبەی سەرۆک بارزانی لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر کڕینی، باسی چی دەکەن؟
رووداو دیجیتاڵ
لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب لە هەولێر، سەرۆك مەسعود بارزانی، هەردوو كتێبی "سایكۆلۆژی عەقڵی كوردی" و "بیركردنەوە بۆ ژیان؛ بیركردنەوە دژی ژیان"ـی نووسەر د. محەممەد تەها حوسێنی كڕی. نووسەرەکە لەڕێگەی رووداو باسی نێوەڕۆكی هەردوو كتێبەكەی دەكات.
د.محەممەد تەها حوسێن، مامۆستای بەشی دەروونزانی لە زانكۆی سەڵاحەدین رۆژی شەممە 11-3-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرۆك مەسعود بارزانی ئەو دوو كتێبەی هەڵبژاردن. نووسەر هەروەها دەڵێ هەمیشە ئاواتی ئەوەیە لەرێگەی کاخەز و نووسینەكانیەوە بە خوێنەرەكانی بگات، لەوانەش کەسایەتییە سیاسییەکان.
محەممەد تەها حوسێن گوتی، "من، كەسێكی حیزبی نیم و تاوەكو ئێستاش رووبەڕوو جەنابی كاك مەسعودم نەبینیوە، بەڵام بە گەیشتنی ئەو كتێبانە بەدەستی، زۆر خۆشحاڵم بووم. گرنگە لە رێگای نووسینەكانمەوە بمناسێت".
ئەو نووسەرە باسی نێوەڕۆکی کتێبی "سایکۆلۆژیای عەقڵی کوردی" دەکات کە لە ساڵی 2018ـدا نووسیویەتی و دەڵێت: "پرسیاری سەرەكی كتێبەكە ئەوەیە؛ ئایا تاكی كوردی بیركردنەوە لە ژیان و ژیانكردنی، ئینجا لە هەر بوارێكدا بێت، لەسەر بنەمایەكی عەقڵانی دەكات یان لەسەر بنەمای هەڵچوون؟ بە بڕوای من، زۆرینەی تاكی كوردی لە رێگەی هەڵچوون ئامێزەوە كارەكانی رۆژانەی دەکات و بڕیارەكانیش لەو چوارچێوەیەدا دەدات".
سەبارەت بە كتێبی "بیركردنەوە بۆ ژیان؛ بیركردنەوە دژی ژیان" كە لە ساڵی 2021ـدا نووسیویەتی، د.محەممەد گوتی "ئەو كتێبە باس لەوە دەكات مرۆڤ چۆن بتوانێ لایەنە جوانەكانی ژیان ببینێ، یان بیركردنەوەی ئەرێنی بۆ لایەنە جیاوازەكانی ژیانی هەبێت، چونكە بیركردنەوە بەو جۆرە بونیاتنان دروستدەكات و بەپێچەوانەشەوە تێكدان دروستدەبێت".
د. محەممەد تەها حوسێن ساڵی 1962 لە قەڵادزێ لەدایكبووە و زیاتر لە پەنجا ساڵە لە هەولێر دەژی و خاوەنی 21 كتێبە.
رۆژی 8-3-2023 پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی کرایەوە. پێشانگەکە ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت و تێیدا زیاتر لە یەک ملیۆن ناونیشانی کتێب نمایشکراون. 18 وڵات بە 350 کتێبخانە و وەشانخانە لە پێشانگاکەدا بەشدارن.