دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: کەسێک بۆ ناوبانگ سووکایەتیی بە گۆڕستانێکی مەسیحییەکان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رایگەیاند، کەسێک بۆ پەیداکردنی ناوبانگ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەستاوە بە سووکایەتیکردن بە گۆڕستانێکی مەسیحییەکان.
رۆژی یەکشەممە، 11-02-2024، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوێنێ شەممە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کەسێک لە شەقڵاوە سووکایەتی بە گۆڕستانێکی مەسیحییەکان دەکات و قسەی نەشیاو دەکات و هەر لە گرتەکە منداڵێک بەکاردەهێنیت و فێری دەکات کە سووکایەتی بەگۆڕەکان بکات، بۆ ئەو مەبەستە دەستەکەیان داوای لە دەزگا یاسایی و ئەمنییەکان کردووە بۆ ئەوەی رێکاری پێویست بگرنە بەر و ئەو کەسە بدۆزرێتەوە و رادەستی دادگە بکرێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی دەستەی مافی مرۆڤ، "دوای بەدواداچوونەکانیان و سەردانی ئاسایشی هەولێر، دەرکەوتووە، ناوبراو ( ر. س. ع.) لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکراوە و بەهۆی ئەوەی تەمەنی لەخوار 18 ساڵەوەیە، ئێستا لە چاکسازی ژنان و منداڵان راگیراوە."
دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێت، سەردانی چاکسازییان کردووە و تۆمەتباریان بینیوە و دانی بەوەداناوە کە ئەو کارەی بەمەبەستی پەیداکردنی ناوبانگ کردووە و بۆ ئەوەی زیاتر لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بناسێنرێت و ئێستا "پەشیمانە".
ئەو کەسەی سووکایەتی بە گوڕستانەکە کردووە، دانیشتووی شارۆچکەی دارەتووی سەر بە شاری هەولێرە و کاسبکارە. دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێت: "ئەو رەفتارانە جۆڕێکە لە دەرەنجامی گوتاری تووندڕۆیی و تۆوی رق و کینە کە خەڵکێک بەردەوام دەیچێنێ لەناو کۆمەڵگە و وادەکات ئەو جۆرە کەسانە سووکایەتی بە ئایینەکان و پیرۆزیی بیرو باوەڕەکان بکەن."