جێگری بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی ورمێ: تەنیا 19 چێرگ لە ناوچەی بۆکان ماون


رووداو دیجیتاڵ 

جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگەی ورمێ دەڵێت: "بەپێی دوایین سەرژمێری کە بۆ باڵندەی چێرگ کراوە، تەنیا 19 چێرگ لە بۆکان ماون".
 
چێرگ گەورەترین باڵندەیە کە توانای فڕینی هەبێت و ژمارەیەکیان لە ناوچەی بۆکانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەژین. ئەمڕۆ شەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2025، عەلیڕەزا سەیید قوریشی گوتی، مەترسی لەنێوچوون لەسەر ئەو 19 چێرگەش هەیە. 
 
هەر لەو بارەیەوە فەرزاد زەندی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای سنە رایگەیاند: "بەپێی دوایین سەرژمێری کە بۆ باڵندەی چێرگ کراوە، تەنیا 19 چێرگ لە ناوچەی ئویسی سەقز ماون کە ئەگەر لە ژێر چاودێری نەبن، مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە".
 
ئەم باڵندەیە لە پێشتر لانیکەم لە شەش پارێزگادا هەبوو، بەڵام ئێستا تەنیا لە ناوچەیەکی کەمدا ماوە.
   
کۆمەڵێک لە چالاکڤانانی خەڵکی بۆکان رێکخراوێکی تایبەتیان بۆ پاراستنی چێرگ پێکهێناوە، لەوانە هۆشیارکردنەوەی خەڵکی ئەو ناوچەیەی چێرگی لێ دەژیت و وەرگرتنی زەوی لە جووتیاران بۆ ئەوەی چێرگ بێ ئەوەی هەڕەشەی لەسەر بێت، تێیدا بژیت.
  
رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێرانیش 32 هێکتار زەوی لە ناوچەی دەشتەسوتاوی بۆکان کڕیوە و بۆ چێرگەکانی تەرخان کردووە.