دەمیرتاش: متمانەی تەواوم بە ئۆجەلانە و پشتیوانی دەکەم
رووداو دیجیتاڵ
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، دوای دیداری لەگەڵ شاندی دەم پارتی کە رۆژی شەممە 11-1-2025 لە گرتووخانەی ئیمراڵی سازکرا، پەیامێکی بڵاوکردەوە و پشتیوانیی خۆی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە نیشاندا.
دەمیرتاش پەیامەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا رێز و سڵاوی خۆی ئاراستەی خەڵک کردووە.
دەمیرتاش پەسنی ئەو شاندەی دەم پارتی دەکات و دەڵێت: "سوپاسی شاندەکەمان دەکەم کە بە پەرۆشی و جددییەکی زۆرەوە درێژە بە کارەکانیان دەدەن، هەروەها دەمەوێت بڵێم کە متمانە و پشتیوانیی تەواوم بۆ شاندەکەمان، دەم پارتیمان و بەتایبەتیش بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەیە کە لە دوورگەی گۆشەگیرکردنی ئیمراڵییە و هەوڵی جیدیی بۆ چارەسەریی دیموکراسی و ئاشتی دەدات".
لەبارەی پرۆسەکە کە بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستیپێکرد و ئێستا بە دیدارەکانی شاندی دەم پارتی بەردەوامە، دەمیرتاش رایگەیاند: "هەستیارترین بابەتی ئەم قۆناخە، پشتیوانیی شەقامە. هەر بۆیەش شەفافی زۆر گرنگ و پێویستە".
سەڵاحەدین دەمیرتاش هەروەها بە گرنگی دەزانێت پرۆسەکە بە ئاگاداریی رێکخراو و کۆمەڵە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەبچێت و دوور بێت لە زمانی هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە.
لەکاتێکدا تاوەکو ئێستا هیچ ناوێک لەم پرۆسەیە نەنراوە و هەر لایەنیک بە جۆرێک ناوی دەهێنێت و وێنای دەکات، دەمیرتاش گوتی: "ئەگەرچی بە پێداگرییەوە خۆیان لەوە لادەدەن کە ناوێکی لێ بنێن، بەڵام لە دیدی ئێمەدا پرۆسەی 'بە دیموکراسیبوون، ئاشتی و برایەتی'یە. ئێمە وەکو ئەو ئاکتۆرانەی لە زەمینەیەکی دیموکراسی و ئاشتەواییدا سیاسەت دەکەین، ئارەزوو دەکەین لەڕێی ئەم کارانەوە پێکدادان و تووندوتیژی بە شێوەیەکی هەمیشەیی کۆتاییان بێت و لەم بابەتەدا پشتیوانی نیشان دەدەین".
دەمیرتاش باس لە رۆڵی ئۆجەلان دەکات و دەڵێت: "ئەگەر هەلومەرج بگونجێت و بەڕێز ئۆجەلان رۆڵێک بگێڕێت، من لەگەڵیدا دەبم. هەروەک خۆیشی باسی لێوە کردووە، بەرپرسیاریەتیی رەخساندنی زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی لەم بانگەوازەدا، دەکەوێتەسەر دەسەڵات و پەرلەمان".
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کە نزیکەی 9 ساڵە لە گرتووخانەیە، دەڵێت: "ئێمە لەم قۆناخەدا هەموو جۆرە پشتیوانییەک پێشکێشی دەستپێشخەریی ئاشتەوایی دەکەین، بەڵام ئەوەی بانگەوازەکەی کردووە و لایەنی بەرامبەریش ئێمە نین. رۆڵ و دیدگەی ئێمە وەکو سیاسەتڤانان لە پرۆسەکە، تۆکمەکردنی زەمینەی ئاشتی، بەهێزکردنی بوێریی لایەنەکان بۆ ئاشتی، هاندان و ئاسانکارییە بۆ گەیشتن بە ئاشتی".
دەمیرتاش هەروەها رایگەیاندووە: "لەپێناوی فراوانکردنی خەباتی ئاشتییانە، مەدەنی، سیاسی، دیموکراسی، ئازادییەکان و یەکسانی و دادپەروەری و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، پێویستە لە ئێستاوە دەروازە و دەرفەتەکانی ئەم پرۆسەیە واڵا بکرێن، بۆ ئەوەی زەمینەی ئاشتی بەهێزتر بێت".
سەڵاحەدین دەمیرتاش باس لە بوونی هەندیک نیازی باش لە پرۆسەکەدا دەکات و دەڵێت: "بەڵام بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە تەواوی گەشەبکات، پێویستە چی زووە هەنگاوی متمانەبەخش بنرێت. لەپێناوی دەستەبەرکردنی ئاشتەوایی سیاسی، ئامادەین بۆ نەهێشتنی ئەو پێکدادانانەی ساڵانێکە لەم ناوچەیەدا ئازاری وەسفنەکراویان لێکەوتووەتەوە و وزەی وڵاتیان بردووە".
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە هەروەها رووی دەمی دەکاتە سەرکردە سیاسییەکان و دەڵێت: "لەم قۆناخە گرنگ و مێژووییەدا سوپاسی سەرکردەی پارتەکان دەکەم بۆ ئەو رۆڵەی بینیویانە یانیش دەیبینن؛ لە سەرووی هەموویانەوە بەرێز سەرۆککۆمار، بەرێز دەوڵەت باخچەلی، بەڕێز ئۆزگور ئۆزەل. هەروەها سوپاسی سەرکردەی پارتەکانی دیکەش دەکەم و پشتیوانی نیشان دەدەم".
دەمیرتاش هەروەها دەڵێت: "زۆرینەی کورد، ئاراستە و رووی لە تورکیایە. ئەگەر ئاشتی و دیموکراسییەکی بەهێز بونیات بنرێت، بە باوەڕی من هەموومان بە سەرکەوتوویی لەم پرۆسەیە دەردەچین. هەر بۆیە هیوادارم ودەخوازم، دەوڵەتی کۆماری تورکیاش ئاراستە و رووی بەرەو تەواوی کوردان بسووڕێنێت و ئاشتەوایی مەزن و شەرەفمەندانە بڕەخسێنێت".
شاندی دەم پارتی دوای ئەوەی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، سەرۆکی زۆربەی ئەو پارتانەی لە پەرلەمان بەهێزن کۆبووەوە، لەگەڵ دەمیرتاش دیداری سازکرد. بڕیاریشە لەم نزیکانەدا دووبارە سەردانی ئیمراڵی بکات و لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە.