هەفتەی داهاتوو سەردانی زیندانییانی چاکسازیی گەورانی هەولێر دەستپێدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دووشەممەی داهاتوو سەردان (مواجهة) لە چاکسازیی گەورانی هەولێر دەستپێدەکاتەوە. 
 
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەڵسەنگاندنمان بۆ بارودۆخی نێو چاکسازی کردووە و بۆمان دەرکەوتووە هیچ پەتایەکی وەرزی نەماوە و هیچ کەیسێکی نوێش تۆمارنەکراوە، بۆیە بڕیارمانداوە رۆژی دووشەممە 15ـی ئەم مانگە سەردانیکردن دەستپێبکاتەوە و دواتر بەفەرمیش بڕیاری دەستپێکردنەوە بڵاودەکەینەوە."
 
رۆژی 12ـی کانوونی یەکەمی 2023، بە مەبەستی خۆپارێزی لە پەتای وەرزی سەردان (مواجهة) لە چاکسازیی گەورانی هەولێر راگیرا. ئیحسان عەبدولڕەحمان دەڵێت، "هەر کەسێک بۆی هەیە هەفتەی یەکجار سەردانی کەسوکاری لە نێو چاکسازی بکات و ماوەی کاژێرێکی بۆ تەرخاندەکرێت."
 
ئەوە یەکەمجار نییە لە چاکسازیی گەوران سەردان رادەگیرێت، 2022 هەر بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای وەرزی، زیاتر لە مانگێک لە سلێمانی سەردان راگیرا.
 
لە هەرێمی کوردستان سێ چاکسازیی گەوران لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەن؛ هاوکات سێ چاکسازیی ژنان و منداڵان لە هەر سێ شارەکەدا هەن.
 
تاوەکو 11-12-2023 لە نێو هەر شەش چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا، پێنج هەزار و 418 سزادراو هەبوون کە هەزار و 180 سزادراو بەکارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەر و 520ـیان بازرگان و 660ـیان بەکارهێنەرن.