رووداو دیجیتاڵ
غالیب ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری پارتی داد و گەشەپێدان - ئاکپارتی لە بازنەی ئامەد، کە هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کردبوو، رایگەیاند، قسەکانی لەلایەن کەناڵی فۆکس تیڤی بە شێوێندراوی بڵاوکراونەتەوە، بۆیە دەیەوێت سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کەناڵە تۆمار بکات.
غالیب ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئاکپارتی رۆژی چوارشەممە 10ـی کانوونی دووەمی 2024 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئەو هەڤپەیڤینەی بڵاوکردووەتەوە، کە رۆژی دووشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2024 لەگەڵ پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئامەد کردوویەتی.
پەرلەمانتارەکەی ئاکپارتی نووسیویەتی، "فۆکس تیڤی لێدوانەکانی منی شێواند سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری نوێ و ئایا هیچ گفتوگۆیەکی هاوپەیمانی لەنێوان پارتی داد و گەشەپێدانمان و دەم پارتیدا هەیە یان نا، ئەمەش رێک پێچەوانەی ئەوەیە من باسم کرد؛ دەمەوێت ئەوە رابگەیێنم کە سبەینێ [ئەمڕۆ پێنجشەممە] دەست بە رێوشوێنی یاسایی پێویست دەکەم سەبارەت بەو هەواڵە ناڕاستانەی کە ئامانج لێی زیانگەیاندن بە خۆم و پارتەکەمانە".
ئەنساریئۆغڵو ئاماژەی بە هەڤپەیڤینەکەی لەگەڵ رووداو داوە و نووسیویەتی، "وەک لە ڤیدیۆی خوارەوەدا بە روونی دەردەکەوێت، ئەو چاوپێکەوتنەی کە لەسەر بابەتەکانی پەیوەندیدار کردوومە، ئەوەی ویستم بیڵێم، بە هەموو سادەییەکەیەوە دیارە."
ئەنساریۆئۆغڵو لە وەڵامی پرسیاری "ئایا دەتەوێت هاوپەیمانییەک بۆ هەڵبژاردنەکان لە 31ـی ئاداردا بکرێت؟" دەڵێت، "بێگومان لەگەڵ پەرلەمانتارانی دەم پارتی دۆستایەتیمان هەیە، دیدارمان هەیە، پێکەوە دادەنیشن و گفتوگۆ دەکەین. ماوەیەک پێش ئێستا لەگەڵ بەرپرسەکانیان من خۆشم گفتوگۆم کرد کە دەتوانین چی بکەین، لە تورکیا چۆن دەرگا بۆ نەرمبوونەوەیەکی نوێ بکەینەوە؟ پێکەوە چۆن بتوانین کەشێكی ئاشتی و تەبایی دروست بکەین؟ بەشێوەیەکی سروشتی ئێمە لە نێو خۆماندا باسی ئەمانە دەکەین، بەڵام نازانم هیچ پەیوەندییەکی فەرمییان لەگەڵ ناوەندی گشتیی حیزبدا هەیە یان نا. منیش لە دەرەوە گوێم لە هەندێک قسە دەبێت".
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی گوتیشی، "ئێمە نامانەوێت هەدەپە خۆشمانی بوێت، ستایشمان بکات، دەنگمان پێبدات. هەرگیز روونادات، ئەمە دژی سیاسەتە. ئێمە دەڵێین هەدەپە دەبێت خۆی بێت و نەبێتە پێچکە کورسی بۆ هیچ کەسێکی دیکە".
ئەنساریۆئۆغڵو هەر لەو هەڤپەیڤینەدا باسی هاوپەیمانیی نێوان هەدەپە و جەهەپە لە هەڵبژاردنی رابردوو دەکات و رەخنە لە هەدەپە دەگرێت و دەڵێت، "لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا بەبێ شەرت و مەرج پشتیوانی جەهەپەیان کرد، بێ ئەوەی هیچ شتێک بەدەست بهێنن هەموو شتێکیان دا. لە دوایین هەڵبژاردنی خۆجێییدا، لە سایەی هەدەپە، لە شارەگەورەکانی وەک ئیستەنبووڵ، ئانتالیا، ئادانا و مێرسین سەرکەوتنیان بەدەستهێنا. کەوابوو، لە بەرامبەردا چییان وەرگرتووە کە هێندە پشتگیری دەکەن و بۆچی دەیکەن؟".
ئەو بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت، "ئەو حیزبەی پڕۆسەی چارەسەری دەستپێکرد، ئاستەنگەکانی بەردەم دیموکراسی و زمان و ناسنامەی کوردی لابرد و چەندین رێسای دیموکراسی یاسایی دانا، هەروەها ئەو هەموو خزمەتەی بۆ رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵات [باکووری کوردستان] کرد، هەموو دوژمنایەتییەک کە لە تواناتدا بێت دەیکەیت دژی ئەو حیزبە، بەڵام دەڕۆیت هاوکاری دوژمنی کورد دەکەیت. ئەگەر پرسی سەرەکی ئێوە پرسی کوردە، جەهەپە دایک و باوک و هۆکاری بوونی پرسی کوردە. بێ شەرت و مەرج پشتگیری ئەو حیزبەی دەکەیت کە هۆکاری کێشەی کوردە! بەڵام دوژمنایەتی حیزبێک دەکەی کە خزمەتی کوردی کردووە و پرۆسەی زۆر گرنگی بۆ چارەسەری کێشەی کورد هێناوەتە ئاراوە. خێرە؟ کێشەی تۆ چییە؟ لەم رۆژانەدا قسەکانی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە دادگە دەخوێنمەوە. رێگەکەی بەتەواوی 180 پلە لە هێڵی چەپی دوورەپەرێز سوڕاندووەتەوە و گۆڕیویەتی بۆ هێڵی کوردی. وەک ئەوەی ئەو کەسە نەبێت کە لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا بە "ناتکەین بە سەرۆک" دەستی پێکردبێت و گوتی "کەمال، بڕۆ پێشەوە". وەک ئەوەی ئەوانە نەبن کە بێ شەرت و مەرج پشتیوانی جەهەپەیان کرد و لەگەڵ چەمکی چەپی دوورەپەرێزدا کە هاوبەشی هاوپەیمانی خۆیان لەناو حیزبدا بە دەنگی کورد خزمەتی چەپی تورکیان کرد. چونکە کاردانەوە و ناڕەزایی خەڵکیان بینی، دەنگەکانیان 2-3٪ دابەزی."
ئینساریۆئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا، پرۆسەی چارەسەری کۆتاییهاتووە و شتێکی مردوو ناتوانرێت زیندوو بکرێتەوە؛ گوتی، "تەنیا ئەگەر پەکەکە کۆتایی بە بوونی چەکداری خۆی لە تورکیا بهێنێت و ئەوەی پێویست بێت بیکات و هەدەپەش لە چوارچێوەی رێساکانی سیاسەتی دیموکراسیدا سیاسەت بکات، ئەوا رەنگە شتێکی نوێ دروست ببێت".
لە وەڵامی "ئایا دانانی قەیومەکان بەردەوام دەبن؟" گوتی، "کاتێک لە روانگەیەکی دیموکراسییەوە سەیری دەکەیت، قەیوم پرسێکی کێشەدارە. بەڵام کاتێک سەیری واقیعەکە دەکەیت، قەیومەکان 100 هێندەی ئیدارەی 17 ساڵەی هەدەپە خزمەتی ئەم میللەتەیان کردووە. وێنەی ئەو شار و شارۆچکانە گۆڕاوە، خزمەتگوزاری گۆڕاوە، ئەو شارانەی خزمەتگوزاری لێوەردەگرن نازانن چۆن خزمەتگوزاریان پێشکەش بکەن، بەڵام لە روانگەی دیموکراسییەوە گرنگ نییە کێ خزمەت دەکات، بەڵکو گرنگە چۆن ئیرادەی گەل دەربکەوێت. کاتێک سەیری دەرکەوتنی ئیرادەی گەل دەکەیت، لێرەدا دژایەتییەکی جیدی هەیە. واقیعەکە بەو شێوەیە نییە. ئایا واقیعی خەڵکە کچێک لە ئەڵمانیاوە کە لە ژیانیدا جزیرەی نەبینیبێت بیهێننە جزیر و بیکەن بە بەربژێر؟ ئایا واقیعی خەڵکە کە دەرچووی زانکۆ لە دیاربەکر وەربگرن و بیکەن بە بەربژێر بۆ شوێنێکی ناپەیوەندیدار لە لجێ؟ ئایا واقیعی خەڵکە کە ژنێک بۆ دیاربەکر بەربژێر دەکەن، کەسێک کە خەڵکی دیاربەکر نییە و دیاربەکر ناناسێت، راستییەکەی کەمێک لە کولتووری دیاربەکر دوورە؟".
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی لە بارەی دانانی قەیوم لەسەر شارەوانییەکانی هەدەپە دەشڵێت، "ئەگەر بڵێن جیاوازی نێوان قەیومی قەندیل و قەیومی دەوڵەت چییە، قەیومی دەوڵەت لانیکەم کەمێک وریاترە لە کاتی خەرجکردنی سامانی گشتیدا. ئەوان فەرمانبەری دەوڵەتن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. خۆزگە لەوێدا دیموکراسی بە تەواوی کارا بکرایە، واتە بەپێی یاسای پارتە سیاسییەکان یان ناچارتان کردووە قەیوم دابنرێت؟".