جێگری پارێزگاری لوڕستان: 40٪ی کچانی پارێزگاکەمان بە سەڵتی دەمێننەوە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری لوڕستان دەڵێت، 40٪ی کچانی ئەو پارێزگایە تەمەنیان گەیشتووەتە ئاستێک کە هیوایەک نییە ژیانی هاوژینی پێکبهێنن، هەربۆیە چاوەڕوان دەکرێت بۆ هەمیشە بە سەڵتی بمێننەوە.
مەجید مونعێمی، جێگری پارێزگاری لوڕستان شەوی رابردوو لە کۆبوونەوەیەکی خێزانیدا گوتی، پارێزگای لوڕستان لە ئاستی ئێراندا پلەی دووەمی لە کچانی سەڵتدا هەیە و ئەمەش هۆکاری سەرەکی دابەزینی ژمارەی لەدایکبوونە لە پارێزگاکەدا.
ئەوەی کە پەیوەندی بە ژمارەی کچانی سەڵتەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەیە، رۆژی 22-5-2022، عەلیڕەزا زالی، سەرۆکی زانکۆی زانستیی پزیشکی شەهید بەهەشتی تاران رایگەیاند، 13 ملیۆن کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ژیانی هاوژینییان پێکنەهێناوە و نزیکەی 5 ملیۆن کەس لەوان کچن.
هۆکاری جیاواز بۆ سەڵت مانەوەی هاونیشتمانییانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هاووڵاتییانی ئێران باس دەکرێت. یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکان پەیوەندی بە خراپی دۆخی ئابوورییەوە هەیە کە وا دەکات ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانی و هاووڵاتی تاوەکو تەمەنێکی درەنگ لە ژیانیاندا ژیانی هاوژینی پێکناهێنن یان بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری و هۆکاری دیکەوە وڵات جێدەهێڵن.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان پەیوەندی بە گۆڕینی بۆچوونی تاکەوە هەیە و ئێستا، جیاواز لە چەندین ساڵ پێش ئێستا، ژمارەی ئەو کەسانەی نایانەوێت لە تەمەنێکی زوودا ژیانی هاوژینی پێکبهێنن لە بەرزبوونەوەدایە.