یونسکۆ بۆ رووداو: بە تەواوی پابەندین بە داننان بە زمانی دایک و پەرەدان پێی


رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوەی پەروەردەیی، زانستی و کولتووریی نەتەوە یەکگرتووەکان - یونسکۆ لەبارەی زیندانیکردنی زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان بە تەواوی پابەندن بە "داننان و پەرەدان بە زمانی دایک".
 
بەهۆی ئەوەی هەوڵی دابوو هاوزمانەکانی فێری کوردی بکات، زارا محەممەدی لە ساڵی 2019 بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی ئێران دەستبەسەرکرا و 193 رۆژ زیندانیکرا، دواتر بە دانانی بارمتە ئازادکرا.
 
زارا محەممەدی لە دادگایی یەکەمیدا لە دادگەی شۆڕشی سنە بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزادرا، بەڵام دواتر لە دادگەی پێداچوونەوەی سنە سزاکەی بۆ پێنج ساڵ کەمکرایەوە. زارا دووبارە تانەی لە بڕیارەکە دا، بەڵام 25ی کانوونی یەکەمی 2021، پێی راگەیێندرا کە سزاکەی بە پێنج ساڵ دەمێنێتەوە. 
 
دواجار زارا محەممەدی لە 8ی ئەم مانگە چووە گرتووخانەی سنە بۆ ئەوەی ماوەی زیندانییەکەی تەواو بکات. 
 
کلەیر ئۆهەیگن، سەرۆکی نووسینگەی میدیایی یونسکۆ لە ئیمەیڵێکدا بە رووداوی راگەیاند: "یونسکۆ لەو پێگەیەدا نییە کە تێبینی لەسەر ئەو رێکارە یاساییانە بدات کە دەکەونە چوارچێوەی کاروباری نێوخۆیی وڵاتان، بەڵام ئێمە تەواو پابەندین بە داننان و پەرەدان بە زمانەکانی دایک".
 
ئۆهەیگن دەشڵێت: "یونسکۆ بڕوای بە گرنگیی جیاوازیی کولتوور و زمان بۆ کۆمەڵگەکان هەیە."
 
سەرۆکی نووسینگەی میدیایی یونسکۆ باس لەوە دەکات کە کارکردن "لە پێناو پاراستنی جیاوازی کولتوور و زمانەکان" بەشێکە لە کارنامەی ئاشتیی رێکخراوەکە بۆئەوەی پەرە بە "یەکدی قبووڵکردن و رێزگرتن لەوانی دیکە" بدات. 
 
پێنج پارێزگای کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەن و ژمارەی کورد لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرووی 10 ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت. وێڕای ئەوەی لە دەستووری ئێراندا، خوێندنی زمانی دایک رێگەپێدراوە، بەڵام زارا محەممەدی و پارێزەرەکەی جەخت لەوە دەکەنەوە کە تەنیا بەهۆی گوتنەوەی وانەی زمانی کوردی بە هاوزمانەکانی، تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی دراوەتە پاڵ زارا. پارێزەرەکەی دەڵێت، لە پاڵ ئەوە، حکومەتی ئێران "تەنانەت یەک" بەڵگەشی بۆ تۆمەتەکەی نییە.
 
زارا محەممەدی، کە ماوەی 10 ساڵ بوو لە سنە و گوندەکانی دەوروبەری، مامۆستای زمانی کوردی بوو، پێش خۆڕادەستکردنی بە زیندانی شارەکە، قسەی بۆ ئەو کەسانە کرد کە لە بەردەم دادگەی سنە کۆببوونەوە و گوتی، ئەو پاڵپشتییەی لەو کراوە دڵگەرمتری دەکات لە بەردەوامیدان بە چالاکییەکانی. ئەو هەروەها گوتی "ئەو کەسەی کە بەند دەکرێت و دەخرێتە زیندان باوەڕمەندتر دەبێت بە کارەکانی و بیروباوەڕەکانی."
 
زارا محەممەدی ئێستا ناوێکە کە تێکەڵ بووە بە زمانی دایک و هاوزمانەکانی جەخت لەوە دەکەنەوە کە تەنیا لەبەر ئەوەی ویستوویەتی هاونیشتمانییانی فێری زمانی کوردی بکات، زیندانیکراوە، ئەگەرچی لە دەستووری ئێراندا فێربوونی زمانی دایک و قسەکردن پێی، رێگەپێدراوە.
 
زارا محەممەدی کێیە؟
 
-ساڵی 1990 لە گوندی سەراوڵەی دێولان لە پارێزگای سنە لەدایکبووە
 
- ماستەری لە جوگرافیای سیاسی لە زانکۆی سنە هەیە
 
- ئەندامی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی کولتووری نۆژینە
 
- 10 ساڵ لە سنە و گوندەکانی دەوروبەری وانەی زمانی کوردی گوتەوە
 
- مانگی گوڵانی 2019 لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکرا
 
- لە دادگەی شۆڕشی سنە بە 10 ساڵ بەندکران سزادرا
 
- لە دادگەی پێداچوونەوە سزاکەی بۆ 5 ساڵ بەندکران کەمکرایەوە