پەرلەمانی تورکیا مافی پەرلەمانتاری لە لەیلا زانا وەرگرتەوە

رووداو - ئەنقەرە

بەهۆی ئامادەنەبوونی لە 212 دانیشتنی پەرلەماندا، پەرلەمانی تورکیا مافی پەرلەمانتاری لە لەیلا زانا، پەرلەمانتاری هەدەپە وەرگرتەوە.

له‌ دانیشتنی ئاسایی په‌رله‌مانی توركیا، كه‌ ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 11-1-2018، به‌ڕێوه‌چوو، راپۆرتی لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتارێتی لە لەیلا زانا، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) تاوتوێكرد. بەھۆی "دەوامنەکردنی وەک پێویست لە پەرلەمان و به‌هۆی یاسایی نه‌بوونی سوێندخواردنه‌كه‌یه‌وه"‌، ده‌ره‌نجام به‌ 302 ده‌نگ مافی په‌رله‌مانتاری لێسه‌ندرایه‌وه‌. به‌وه‌ش له‌ ماوه‌ی 24 ساڵدا له‌یلا زانا دوو جار مافی په‌رله‌مانتارێتی لێسه‌ندرایه‌وه‌.   

لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 9-1-2018ی پەرلەمانی تورکیادا راپۆرتی ھەردوو کۆمیسیۆنی دادوەری و دەستووری پەرلەمانی تورکیا لەبارەی لێسەندنەوەی متمانە لە لەیلا زانا، کە تێیدا ئاماژە بە ئامادەنەبوونی لە دانیشتنەکان کرابوو، تاوتوێکرا. 

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لەیلا زانا  لە 212 دانیشتنی پەرلەمانی تورکیا لە ماوەی 1ی تشرینی یەکەمی 2016 تاوەکو 30ی نیسانی 2017 ئامادەنەبووە.

دوای لێسەندندوەی متمانە لە لەیلا زانا، ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی هەدەپە کە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا متمانەیان لێسەندراوەتەوە گەیشتە شەش پەرلەمانتار.  ژمارەی کورسییەکانی هەدەپەش لە پەرلەمانی تورکیا بۆ 53 کورسی دادەبەزێت، ئەوە لەکاتێکدایە کە لە هەڵبژاردنی 2015، هەدەپە 59 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. 

لە یەکەم کاردانەوەیدا لەبەرامبەر بڕیارەکەی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی لەیلا زانا، ناوەندی راگەیاندنی ھەدەپە رایگەیاند "لە روانگەی گەلەکەمان ھیچ شتێک نییە بەناوی لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتارێتی لە لەیلا زانا بۆیە گەکەمان ھیچ بەھایەک بۆ ئەو بڕیارە دانانێت. لەیلا زانا دەنگی ئاشت و ھیوای گەلانە".

پێشتر محەممەد ئەمین ئادییامان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی هەدەپە لە کۆمسیۆنی لێپرسینەوە پێشتر رایگەیاندبوو، پەرلەمانی تورکیا ناتوانێت لەیلا زانا لە پەرلەمان دووربخاتەوە، چونکە بەپێی ماددەی 35ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دوای ئەوەی پەرلەمانتار سوێندی یاسایی دەخوات، پابەند دەبێت بە رێککارە یاساییەکان و ئەرک و مافەکانی وەک پەرلەمانتارێک، بەڵام ناوبراو کێشەی سوێندی یاسایی هەبووە و پەرلەمان ناتوانێت بڕیارەکانی بەسەردا بسەپێنێت. 

ئادییامان روونیشی کردبووەوە: "بەهۆی کێشەی سوێندی یاساییەوە لەیلا زانا هەر لە سەرەتاوە تاوەکو ئێستا، مووچە، دەرماڵە، پاسەوان، ئۆتۆمبێل، ئۆفیس و پارێزبەندی پێنەدراوە و وەک پەرلەمانتارێک مامەڵەی لەگەڵدا نەکراوە، بۆیە بڕیاری دوورخستنەوەی پێشێلکارییە دژ بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان".

هەر ئەمساڵ سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری تورکیا لە ئامەد سکاڵانامەیەکی 156 لاپەڕەیی دژی لەیلا زانا ئاراستەی دووەم دادگای سزا قورسەکانی ئەو شارە کرد و بە سێ تۆمەتی جیاواز داوای 20 ساڵ زیندانیکردنی ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپەی کرد.

دوو ساڵی تەواو پێش ئێستا، رۆژی 17-11-2015  لە مەراسیمی سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی خولی 26ـەمی پەرلەمانی توركیا، لەیلا زانا لەكاتی سوێندخواردنەكەی بە زمانی كوردی گوتی: "بەهیوای ئاشتییەكی شەرفەمەندانەی بەردەوام". پاشانیش پابەندنەبوو بە دەقی توركیی سوێندی پەرلەمانتاران و لەجیاتی "میللەتی تورك" گوتی "میللەتانی توركیا".

لەیلا زانا کێیە؟

لەیلا زانا، لەنێو بزووتنەوەی سیاسیی كورددا ژمارەیەكی سەربەخۆیە، ساڵی 1961 لە گوندێكی فارقین لەدایكبووە، خاوەنی برایەک و پێنج خوشکە. لە ماڵێكدا گەورەبووە باوكی جگە لە كوڕە تاقانەكەی هیچ حیسابێكی بۆ لەیلا و پێنج كچەكەی دیكەی نەکردووە. زانا، باوكی لەیلا كە كارمەندی ئاوەڕۆیە، چەندینجار دایكی لەیلای ئەشكەنجەداوە، تەنیا لەبەرئەوەی شەش كچی بەدوای یەكدا بوون، تەنانەت نەیهێشتووە كچەكانی بخوێنن.

لەیلا لە تەمەنی 14 ساڵیدا شوو بە سیاسەتمەداری كورد مەهدی زانا دەکات كە 21 ساڵ لەخۆی گەورەترە. ساڵی 1978 كاتێك مەهدی زانا بە سەرۆكی شارەوانی گەورەی ئامەد هەڵدەبژێردرێت، لەیلا 17 ساڵان دەبێ و دایكی منداڵێك دەبێ. ئەو كاتەی مەهدی زانا لەدوای كودەتای 12ی ئەیلولی 1980 دەستگیردەكرێت، تەمەنی لەیلا 19 ساڵ بوو، هێشتا (روكەن)ی كچی لەسكدا بوو. مەهدی بە 35 ساڵ بەندكردن سزادرا و لەیلا زانا بەردەوام بەڕێی زیندانەوە بوو.

ساڵی 1988 بەهۆی بەشداریكردنی لە خۆپیشاندانێك لەبەردەم گرتووخانەی ئامەد دەستگیردەكرێت. لە زیندان هەموو جۆرە ئەشكەنجەیەك دەدرێت.

یەکەمجار چۆن چووە پەرلەمان؟
 
ساڵی 1991 لەسەر لیستی پارتی رەنجی گەل (هەپ) خۆی بۆ پەرلەمان هەڵدەبژێرێ‌ و دەردەچێ‌. چەند رۆژێك بەر لە مەراسیمی سوێندخواردنی پەرلەمانی توركیا، ژنە رۆژنامەنووسی تورك نوریە ئاكمان، پرسیارێك لە لەیلا زانا دەكات: ئایا هەست بە توركبوونی خۆت دەكەی؟ زانا دەڵێت: "بەدڵنیاییەوە نەخێر. دایكم یەك وشە توركی نازانێ، منیش لەپێش دەرگاكانی زیندان فێری توركی بووم. من تا دوا هەناسە كوردم، بەڵام گەلی توركیشم خۆشدەوێت". 

رۆژی 1-11-1991 رۆژی سوێندخواردنی پەرلەمانتاران بوو، لەگەڵ نزیكبوونەوەی لەیلا زانا بۆ سەر سەكۆی سوێندخواردن، بەشێكی زۆر لە پەرلەمانتاران دەستیان بە هاتوهاوار كرد و بەدەست لە مێزەكانی بەردەمیان دەكوتا و دەیانگوت "بەو ئاڵایەوە نەچییە ئەوێ‌". مەبەستیان ئەو بەندە سوور، زەرد و سەوزە بوو كە لەسەری ئاڵاندبوو. بەڵام هاتوهاوار نەیتوانی ئەو ژنە 21 ساڵییە رابگرێ. لەیلا بە زمانی كوردی و توركی گوتی: "سوێند بە برایەتی گەلی كورد و گەلی تورك دەخۆم". ئەو چەند وشەیەش بەس بوون بۆ ئەوەی قیامەت هەڵبستێ و دواڕۆژێكی تاریكتر چاوەڕێی لەیلا بكات.

فاروق بیلدریجی كە چیرۆكی ژیانی لەیلا زانای كردووەتە پەرتووك، ئەو مەراسیمە وەكو خاڵێك بۆ داڕمانی ئەو ژنە سیاسەتڤانە وەسفدەكات. راستیشی كرد، چونكە پۆلیسی توركیا لە چواری ئاداری 1994 چووە نێو پەرلەمانی توركیا و هەریەك لە لەیلا زانا، خەتیب دیجلە، ئۆرهان دۆغان، سەلیم ساداكی دەستگیركرد. لە هەشتی تشرینی یەكەمی 1994 دادگای ئاسایشی توركیا بەبیانووی ئەوەی كە بە فەرمانی پەكەكە هەوڵی جیابوونەوەیان داوە، حوكمی 15 ساڵ بەندكردنی بۆ ئەو چوار پەرلەمانتارە دەرکرد.

لەیلا زانا 10 ساڵ لە زیندان مایەوە، پەرلەمانی یەكێتیی ئەوروپا خەڵاتی ساخارۆفی بە زانا بەخشی و پاشان بووە بەربژێری وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ.

لەیلا زانا، لە مەراسیمی سوێندخواردنی خولی  24ـەمی پەرلەمانی توركیادا لە 30ی ئەیلولی 2011 جارێكی دیكە دەستەواژەی "میللەتی توركیای گەورە"ی بەكارهێنا، بەڵام جەمیل چیچەك كە ئەوكات سەرۆكی پەرلەمان بوو، ئەمجارە هیچ كاردانەوەیەكی نیشاننەدا.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن