مەیدانی ئاژەڵانی شاری بۆکان تاوەکو دوو هەفتەی دیکە دادەخرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسی ڤێتێرنەری شاری بۆکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، مەیدانی ئاژەڵانی شارەکە کە وەک مەیدانی دووئاو دەناسرێت، بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، بۆ ماوەی دوو هەفتە دادەخرێت.
 
ئیسماعیل محەممەدیان، سەرۆکی  ڤێتێرنەری شاری بۆکان رایگەیاند، "بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی شەلکە و دەمکولی لەنێو ئاژەڵەکانی مەیدانی ئاژەڵانی بۆکان، مەیدانەکە داخرا".
 
بە گوتەی محەممەدیان، داخستنەکە بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت و هاوکات لەگەڵ داخستنی مەیدانەکە، پرۆسەی رەشاندنی دەرمان و ڤاکسینکردنی ئاژەڵانی سنووری شاری بۆکان دەستیپێکردووە.
 
سەرۆکی تۆڕی ڤێتێرنەری شاری بۆکان هەروەها رایگەیاند، قۆناخی دووەمی ڤاکسینکردنی ئاژەڵەکانی سنووری ئەو شارە لە بەرامبەر نەخۆشی شەلکە و دەمکولی لە سەرەتای پاییزی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو مانگی دووەمی پاییز بەردەوام بووە و لەو چوارچێوەیەدا 20 هەزار سەر ئاژەڵ ڤاکسین کران.
 
مەیدانی ئاژەڵانی شاری بۆکان، گەورەترین مەیدانی ئاژەڵانە لە ناوچەکانی باشووری پارێزگای ورمێ کە رۆژانی شەممەی هەموو هەفتەیەک دەکرێتەوە و بە گوتەی سەرۆکی تۆڕی ڤێتێرنەری شارەکە، لەو رۆژەدا زیاتر لە سێ هەزار سەر ئاژەڵی تێدا دەفرۆشرێت.
 
ئیسماعیل محەممەدیان داوای لە ئاژەڵدارانیش کرد، بە بێ مۆڵەت ئاژەڵ بۆ هیچ شوێنێک نەگوازنەوە، هەروەها رێگە نەدەن هیچ کەسێک لە شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵەکان نزیک ببنەوە.