چوار پارێزگەی باکووری کوردستان بە هەژارترینی ساڵی رابردووی تورکیا دیاریکران

رووداو دیجیتاڵ
 
دەستەی ئاماری تورکیا لیستی زۆرترین و کەمترین داهاتی پارێزگەکانی وڵاتەکەی بۆ ساڵی رابردوو بڵاوکردەوە؛ چوار پارێزگەی باکووری کوردستان بە هەژارترینی ساڵی رابردوو دیاریکران.
 
رۆژی پێنجشەممە، 10-10-2024، دەستەی ئاماری تورکیا-تویک، لیستی زۆرترین و کەمترین داهاتی پارێزگەکانی تورکیای بۆ ساڵی 2023 بڵاوکردەوە، تێکڕای داهاتی ساڵانەی تاکەکەسی لە تورکیا و باکووری کوردستان، 90 هەزار و 116 لیرە (نزیکەی دوو هەزار و 635 دۆلار) بووە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی تویک، هەریەک لە وان، مووش، بەدلیس و هەکاری لە باکووری کوردستان، بە 41 هەزار و 385 لیرە (نزیکەی هەزار و 210 دۆلار)، وەکو خاوەن کەمترین داهاتی تاکەکەسی، بە هەژارترین چوار پارێزگە دیاریکران.
 
هەر بەگوێرەی ئامارەکانی تویک، ئیستەنبووڵ بە 124 هەزار و 723 لیرە (نزیکەی سێ هەزار و 646 دۆلار)، خاوەنی زۆرترین داهاتی تاکەکەسی بووە، ئەنقەرە بە 115 هەزار و 758 لیرە (نزیکەی سێ هەزار و 384 دۆلار)، خاوەن دووەم زۆرترین داهاتی تاکەکەس بووە.