وەرزی چنینەوەی زەعفەران لە کرماشان دەستیپێکرد

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ نزیکەی شەش تۆن زەعفەران لەو پارێزگایە بەرهەمبهێنرێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی تشرینی یەکەم، رەحمان فەیزقوربانی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، وەرزی چنینەوەی زەعفەران لەو پارێزگایە دەستی پێکردووە و پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ نزیکەی شەش تۆن زەعفەران لەو پارێزگایە بەرهەم بهێنرێت.
 
فەیزقوربانی، سەبارەت بە رووبەری چاندنی زەعفەران لە پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لەو پارێزگایە 830 دۆنم زەعفەران چێنراوە، کە 200 دۆنمی بەرهەمێکی ئەوتۆی نابێت.
 
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان دەڵێت، زەعفەران بەرهەمێکی چەند ساڵەیە لە ساڵی سێیەم و چوارەمدا دەگاتە لووتکەی بەرهەمهێنان و تێکڕای بەرهەمی زەعفەران بۆ هەر دۆنمێک 9 کیلۆگرامە.
 
رەحمان فەیزقوربانی دەڵێت، کەش و هەوای پارێزگای کرماشان بۆ چاندنی زەعفەران گونجاوەو بڕی بەرهەمهێنان لەو پارێزگایە لە ساڵی رابردوو 3.5 تۆن بووە، کە پێشبینی دەکرێت ئەو بڕە بۆ ئەم ساڵ بگاتە 6 تۆن.
 
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانە نزیکەی 330 تۆن زەعفەران بەرهەمدەهێنرێت و زیاتر لە 200 تۆنی هەناردەی وڵاتانی جیهان دەکرێت.
 
زەعفەران بە گرانترین بەهارات هەژمار دەکرێت و هەر تۆنێکی بە زیاتر لە ملیۆنێک دۆلارە و بەزۆری لە خواردن و شیرەمەنییەکاندا بەکاردێت.
 
لە گوڵی زەعفەران تەنیا بەشێکی بچووکی سوودی لێ وەردەگیرێت. هەر کیلۆیەک زەعفەران لە ئەنجامی لێکردنەوەی زیاتر لە 150 هەزار گوڵ بە دەست بەرهەمدێت، ئەمەش هۆکاری گرانیی زۆری نرخی ئەو بەهاراتەیە.