حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان راگرتنی 'چالاکییەکانیان' رەتدەکەنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێکی هەستیاردان، ئێران گوشارەکانی بۆ سەریان چەند قات زیاتر کردووە و داوای سنووردارکردنی "چالاکییەکانیان" دەکات. 
 
مستەفا مەولوودی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حدکا بە رووداوی گوت، "خەباتی کورد و حیزبی دیموکرات بە شوێنێکی دیاریکراوەوە نەبەستراوەتەوە، زۆرجار بە هۆکاری جۆراوجۆر مەفرەزە و بارەگای حیزبی دیموکراتی کوردستان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە جێگۆڕکێی پێکراوە، بەڵام خەباتەکە هەر درێژەی هەبووە. ئێمە لە هەر شوێنێک بین ئەو خەباتە درێژەی دەبێت."
 
کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، "پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکان مەترسی بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی ئێران دروست دەکەن." بۆیە لە رێی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە لە هەوڵدایە، لە ناوچە سنوورییەکان دووریان بخاتەوە. 
 
رەزا کەعبی، جێگری سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی هیچی پێڕانەگەیاندوون لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ ئێران لەسەر "چالاکی"ـی ئەو حیزبانە لە ناوچە سنوورییەکان. گوتیشی، "نەرمی زۆرمان نواندووە بۆ ئەوەی بیانوو لە کۆماری ئیسلامی ئێران ببڕن." 
 
حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێیان وایە هەڕەشەکانی ئێران، "بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتییەکان و بیانووگرتن" بە حکومەتی هەرێمی کوردستانن. رەسوڵ محەممەدپەنا کە پێشمەرگەیەکی کۆنی حیزبی دێموکراتە و ئەزموونی لەو هەڕەشانەدا هەیە، هەمان بۆچوونی هەیە و دەڵێت، "قسەکانی کۆماری ئیسلامی هەموو بیانووە." 
 
حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، پابەندی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانن و شێوازی "چالاکییەکانیشیان" خۆیان دەستنیشانی دەکەن.