کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران: هاتنی زیارەتکاران بەردەوامە


رووداو دیجیتاڵ

جێگری پارێزگاری ورمێ درەنگانی شەوی رابردوو رایگەیاند، لە رۆژی شەممەوە چوونی گەشتیاران لە رێگەی دەروازەی حاجی ئۆمەران دەوەستێت. سەرپەرشتیاری دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەرانیش رەتیدەکاتەوە هاتنی زیارەتکاران لە رێگەی ئەو دەروازەیەوە وەستابێت.
 
مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هاتنی زیارەتکاران لەڕێگەی دەوازەی حاجی ئۆمەرانەوە بەردەوامە و نە وەستاوە، ئەمڕۆ شەممە تاوەکو ئێستا نزیکەی دوو هەزار کەس لە رێگەی دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان".
 
حەیدەر بابەیی، جێگری پارێزگاری ورمێ بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، شەوی رابردوو راگەیاندوو کە لە رۆژی شەممەوە چوونی زیارەتکاران لە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە بۆ نەجەف و کەربەلا دەوەستێت، هیچ کەسێکیش سەردانیان نەکات بۆ نوێکردنەوەی پاسپۆرت یا کاغەزی ترانزێتیی تایبەت بۆ دەربازبوون، چونکە بۆ کەس دەرناکرێت، هۆكارەكانیشی بۆ قەرەباڵخی و نەبوونی ژێرخان و تواناکان لە باشووری كوردستانەوە گەڕاندەوە.
 
هەروەها پێشتر سەرۆکی دەستەی ناوەندیی رەوانەکردنی زیارەتکارانی ئێران بۆ رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن رایگەیاندبوو کە لە دەروازە وشکانییەکانەوە زیارەتکارانی ئێرانی تووشی گرفت دەبن و وەک پێویست هاوکاری ناکرێن. لەوبارەوە باتێلی گوتی: "هیچ کێشەیەک لە دیوی خۆمان نییە و هەموو کارەکان ئاسایی دەڕۆن وەک رۆژانی رابردوو بە هاوکاری هەموو دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان".
 
مەجید میر ئەحمەدی، سەرۆکی دەستەی ناوەندیی رەوانەکردنی زیارەتکارانی ئێران بۆ رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی رایگەیاند، گەشتکردنی زیارەتکارانیان لە رێگەی سنوورە وشکانییەکانیان راگرتووە.
 
میر ئەحمەدی ئاماژەی بەوەکردبوو، زیارەتکاران دوای پەڕینەوە لە سنوورەکانی ئێران، کێشەی زۆریان هەیە و عێراق توانای گواستنەوەی ئەو هەموو زیارەتکارەی نییە و هەوڵەکانی ئێرانیش بۆ رەوانەکردنی کەرەستەی گواستنەوە بۆ عێراق بێ ئەنجام بووە. کرێی گواستنەوە لە سنوورەکانەوە بەرەو کەربەلا و نەجەف چەند هێندە بەرزبووەتەوە.