لە کەرکووک پیاوێک تەقە لە زاوا و خوشکەکەی دەکات و برینداریان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، بەیانیی ئەمڕۆ پیاوێک تەقەی لە خوشکی خۆی و هاوژینی خوشکەکەی کردووە و هەردووکیانی بریندار کردوون، دواتریش هەڵاتووە.
رۆژی پێنجشەممە 10-08-2023 عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رووداوەکە لە گەڕەکی پەنجا عەلیی کەرکووک بووە، ئەو کەسەی تەقەی لە خوشکەکەی کردووە عەرەبە، خوشکەکەی کە تەمەنی 24 ساڵە شووی بە پیاوێکی دانیشتووی شاری سلێمانی کردووە، کە تەمەنی 39 ساڵە.
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، ئەو ژنە لەگەڵ مێردەکەی بە سەردان گەڕاوەتەوە کەرکووک، بەڵام لەلایەن برای ژنەکەوە تەقەیان لێکراوە و بە سەختی بریندار کراون، گولـلەیەکیش بەر سەری ژنەکە و گولـلەیەکیش بەر سنگی پیاوەکە کەوتووە.
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، عامر شوانی گوتی، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە، وادیارە تۆمەتبار هەر لە سلێمانییەوە چاودێریی خوشکەکەی کردووە و ئاگاداری هەنگاوەکانیان بووە، بۆیە هەر کە هاتوونەتە کەرکووک تەقەی لێکردوون؛ دواتریش هەڵاتووە.