ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی داوای بەقەزاکردنی ناحیەی رزگاری دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، بە واژۆی 23 ئەندامی ئەنجوومەن، داوای بەقەزاکردنی ناحیەی رزگاریی ئیدارەی گەرمیانیان کردووە و هەر بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجوومەنەکە لیژنەیەکی سێ کەسی پێکهێناوە.
رۆژی پێنجشەممە، 10-08-2023، کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، " دوێنێ بە واژۆی 23 ئەندام دووبارە جەختمان لە گرتنەبەری رێکارەکانی بەقەزاکردنی ناحیەی رزگاری کردەوە و داوای پێکهێنانی لیژنەیەکمان کرد بۆ ئەو مەبەستە و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنیش بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی کاتییان دا کە بەندە ئەندامە تێدا."
1ـی ئاداری ساڵی 2022، بە واژۆی 26 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا داوای بە قەزابوونی ناحیەی رزگاری کرا، لەلایەن لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنیشەوە یاداشت و نووسراو ئاراستەی ئیدارەی گەرمیان کرا، بەڵام کەریم عەلی دەڵێت، "ئەو کات ئیدارەی گەرمیان سەردانی ناحیەی رزگاریان کرد و لەگەڵ بەرپرسان کۆبوونەوەیەکیان کرد، بەڵام هیچ بڕیارێک نەدرا و تائێستا بەهیچ شێوەیەک وەڵامیان نەداوەتەوە و هیچ رێکارێک نەگیراوەتەبەر."
بە گوتەی کەریم عەلی، بەپێی یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2009 گۆڕانکاری لە یەکە ئیدارییەکان چ دروستکردنی ناحیە بێت یان گۆڕینی بەشێک لە ئیدارەی قەزایەک یان ناحیەیەک بۆ سەر ناحیەیەکی دیکە، ئەوە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگایە، بەڵام بە میکانیزمی خۆی و دەشڵێت، "بۆیە ئێمە سەردانی ئیدارەی گەرمیان دەکەین و ئەو مەرجانەی کە لیژنەکە دەستنیشانی دەکات دەیخەینەڕوو بۆ ئەوەی دواتر بە کۆنووسێک ئاراستەی ئەنجوومەنی بکەینەوە و لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتەی ئامادەی دەکەین دەنگی لەسەر بدرێت."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، جگە لەو 23 کەسەی لەگەڵ بەقەزاکردنی ناحیەی رزگارین، هەر سێ سەرۆکایەتییەکەش لەگەڵیدان کە دەکاتە 26 دەنگ، واتا هەموو ئەندامانی ئەنجوومەن لەگەڵ بەقەزاکردنی ناحیەی رزگارین، بەڵام کە ناحیەیەک دەبێتە قەزا، هەروا ئاسان نییە و دەبێت بزانن رووبەری، کۆی ژمارەی دانیشتووانی، ئاستی فراوانبوونی و پێكهاتەکانی چین، ئەوانەش لای ئیدارەی گەرمیان هەیە و بۆیە سەردانیان دەکەن بۆ ئەوەی هەموو وردەکارییەکان وەربگرن.
ناحیەی رزگاری یەکێکە لە ناحیەکانی سەر بە قەزای کەلار لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 70 هەزار کەس دەبێت و، 73 گوندی لەسەرە.
بەگوتەی کەریم عەلی، ئیدارەی گەرمیان هاوکاریان دەبێت بۆ بەقەزاکردنی ناحیەی رزگاری و دەڵێت، "رزگاری 70 هەزار دانیشتووی هەیە ئەوانەش بۆ رایکردنی مامەڵەکانیان روو لە قەزای کەلار دەکەن، بۆ نموونە تاوەکو ئێستا بنکەی تەندروستی، نەخۆشخانەی گشتی و فریاکەوتن و بەڕێوەبەرایەتییەکانی تێدا نییە، بەڵام کە کرا بە قەزا، ئەوە دانیشتووانەکەی لە سنوورەکەی خۆی رێکارە ئیدارییەکان دەگرنەبەر و پلەکەشی لە ناحیەوە دەبێتە قایمقامیەت و ئاسانکاری بۆ دانیشتووانی دەکرێت."