وەزارەتی دارایی: وەرگرتنەوەی پێشینە لە فەرمانبەران لە 2016ـەوە راگیراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بانكە پسپۆڕییەكان لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەرگرتنەوەی پێشینەکان لە فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگیراوە.
رۆژی دووشەممە، 10-07-2023 شیرین حوسێن، بەڕێوەبەری بانکە پسپۆرییەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو رێنماییەی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ وەرگرتنەوەی پێشینەکان دەرکراوە، فەرمانبەران و مووچەخۆران ناگرێتەوە، واتە "هەر فەرمانبەرێکی حکومەت یان مووچەخۆر ئەگەر لە رابردوودا پێشینەی وەرگرتووە، ئازادە لە گەڕاندنەوەی قیستەکەی و ناچار نییە لەم دوو مانگە بیهێنێتەوە، چونکە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران گەڕاندنەوەی قیستەكانیان راگیراوە، ئەوەش نوێ نییە هەر لە 2016ـەوە حکومەت وەک ئاسانکاری، گەڕاندنەوەی قەرزی فەرمانبەرانی راگرتووە."
شیرین حوسێن گوتیشی، "هەر کەسێک قەرز دەکات، دەبێت کەسێک کەفیلی بێت کە فەرمانبەری حکومەت بێت، واتە هەر کەسێک قەرزی پێشینەی کردبێت و کەفیلەکەی فەرمانبەر بێت، ئەگەر خۆی قیستەکانی نەگەڕێنێتەوە ئەوە مانگانە 20٪ی مووچەی کەفیلەکەی دەبڕدرێت."
له ههرێمی كوردستان 28 بانكی پسپۆڕی ههن كه پێشینهیان بە هاونیشتمانییان داوە، ئەوانیش بانكی خانووبهره، پیشهسازی، كشتوكاڵ و نیشتهجێكردن.
رۆژی دووشەممە، 03-07-2023 شیرین حوسێن، بهڕێوهبهری گشتیی بانكه پسپۆڕییهكان بە رووداوی گوتبوو، "دوو مانگ لەبەردەستی ئەو کەسانە دایە کە قەرزی پێشینەیان نەگەڕاندووەتەوە، دوای ئەو دوو مانگە یەک لەسەر پێنجی مووچەی ئەو فەرمانبەرە دەبڕدرێت کە بووەتە کەفیل ئەو دوو مانگەش لە 19ی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو 19ی مانگی ئاب دەبێت."
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەری بانکە پسپۆڕییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، تائێستا 231.474 كهس لە پێشینەکانی قەرزی نیشتەجێبوون، قەرزی بچووک، خانووبەرە، هاوژینی، کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری سوودمهند بوون، له پارێزگای ههولێر 72 هەزار و 181 كهس، کە سەرجەمیان 1.4 تریلیۆن دیناریان دراوەتێ و تەنیا 597 ملیار دینار گەڕێندراوەتەوە و 811 ملیار دیناریش ماوە.
له پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 107 هەزار و 230 كهس له پێشینهكان سوودمهند بوون؛ 1.5 تریلیۆن دیناریان وهكو پێشینه پێدراوە؛ 857 ملیار دیناریان گەڕاندووەتەوە و 735 ملیار دیناریان لەلا ماوە.
له پارێزگای دهۆک 52 هەزار و 63 كهس له پێشینهكان سوودمهند بوون؛ 1.04 تریلیۆن دیناریان وەکو پێشینە وەرگرتووە؛ 335 ملیار دیناریان گەڕاندووەتەوە و 684 ملیار دیناریشیان لەلا ماوە.