دوو هەفتەیە پێنج لقی KFC لە بەغدا بەهۆی مەترسیی هێرشکردنە سەریان داخراون
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە دوو هەفتەیە ئەو شەقام و گەڕەکانەی بەغدا کە خواردنگە و براندی ئەمریکییان لێیە بە هێزی ئەمنی تەنراون.
هێزێکی زۆری ئەمنی بڵاوەیان پێکراوە تاوەکو رێگری لە دووبارە هێرشکردنە سەریان بکەن، بەڵام شیعەکان هێشتا دڵیان بەمە ئاو ناخواتەوە.
بەشێک لە پەرلەمانتارانی شیعە لەنێو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراقەوە دژایەتیی خۆیان بۆ هەر براندێکی بیانی دووپاتدەکەنەوە کە پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەن و لە عێراقدا کاردەکەن. داوا دەکەن هەر کەس و لایەنێک ئەگەر حکومیش بێت لیکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت گەر بەردەوام بوو لە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا.
سعود ساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقووق (حزبوڵڵا) دەڵێت: "پەنا بۆ یاسا و دادگە دەبەین بۆ لێپێچینەوە و سکاڵا تۆمارکردن دژی هەر لایەنێک، جا حکومی بێت یان لە دەرەوەی حکومەت کە پشتیوانی لەم جۆرە کۆمپانیا و براندانە دەکات یان رێگەیان بۆ خۆش دەکات بەردەوام بن لە چالاکییەکانیان لە عێراق."
لەنێو شیعەکاندا بۆچوونی جیاواز لەسەر هێرشکردنە سەر خواردنگە و براندە ئەمریکییەکان هەیە. ئەم پەرلەمانتارە شیعەیە دەڵێت شەری ئێمە لەگەڵ حکومەتی ئەمریکایە نەک بەم شێوەیەی کەسانێک ئێستا دەستیان داوەتێ.
وەلید سەهلانی، پەرلەمانتاری بەدر دەڵێت: "لەوانەیە بڵێن عێراقییەکان ئێوە نامانەوێت ئیدی ئۆتۆمبێلی جۆری تاهۆ بەکاربهێنن یان هەر جۆرە ئۆتۆمبێلێکی دیکەی ئەمریکی. ئەمە راست نییە، نابێت بەم شێوەیە بیربکەنەوە. ئێمە دەوڵەتین و نامانەوێت دووژمنایەتیی گەلی ئەمریکا بکەین، ئەمریکا نەیارمان نییە لە رووی ئاڵوگۆڕی ئابووری و بازرگانی کە کاریگەرییان دەبێت لە بوارە جیاوازەکان و دەبێتە هۆی پێشخستنی عێراق."
تا ئێستا پێنج جار هێرشکراوەتە سەر ئەو خواردنگە و براندە ئەمریکییانەی لە بەغدا کار دەکەن. بەهۆیەوە زیاتر لە دوو هەفتەیە پێنج لقی خواردنگەی کەی ئێف سی بەداخراوی ماونەتەوە.
گروپە چەکدارە شیعییەکان ئەمە وەک پشتیوانییەک دەبینن بۆ غەزە.