هەورەبرووسکەوە لە گەرمیان شوانێکی کوشت و دوو کەسی دیکەشی بریندار کرد
رووداو - گەرمیان
بەیانیی رۆژی دووشەممە 10ی حوزەیران بەهۆی هەورەبرووسکەوە لە سنووری کفری شوانێک گیانی لەدەستدا و دوو هاونیشتمانیی دیکەشی بریندار کرد.
هەورەبرووسکە بەشێک لە رووخساری ئەحمەد عەلی تەقاندووە، بەشێوەیەک کە لە دیمەنی لێدان یان شەڕکردن دەچێت، جگە لە رووخساریشی، پێ و ئەژنۆکانی بەر برووسکە کەوتوون. ئەحمەد عەلی دەڵێت، "وەڵڵا ئەمڕۆ هەورەگرمە بوو، لە ماڵ بووم، کوڕێکم شوان بوو، لە ماڵ رۆشتم بۆ لای، نەگەیشتم بە کوڕەکەم، ئیدی نازانم ئەو هەورەبرووسکە چۆن لە منی داوە؛ بای هەورەبرووسکەکە بووە یان چی، نازانم. تاوەکو خستمیانە ناو ئۆتۆمبێل نازانم چۆن بووە."
رۆژ عیسا تەمەنی 15 ساڵە، ئەویش لە هەمان کاتدا لە گوندی چوارکڵاوی قۆرەتوو، هەورەبرووسکە برینداری کردووە و چوار سەر مەڕیش لە تەنیشتیەوە هەر بە هۆکاری هەورەبرووسکەکە مردار بوون.
رۆژ عیسا لە نەخۆشخانە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "تەقریبەن دەوری کاژێر 07:30 بوو، خەریکی دەرمانی ئاژەڵ بووین، لەگەڵ ئەو کوڕەی خزممان رۆیشتین مەڕ بهێنین، لەناکاو هەورەبرووسکە لێیدام و ئاگام لە خۆم نەما، دوای نیو کاژێر ئەو کوڕەی خزممان زانیویەتی و منی هێناوە بۆ لای ماڵ خۆیان؛ لەوێ هۆشم هاتەوە و منیان هێنا بۆ ئێرە."
جگە لە برینداران، شێرکۆ نوعمانی 14 ساڵان قوربانیی هەورەبرووسکەکەی رۆژی دووشەممە بوو. شێرکۆ خەڵکی قۆری چای کفرییە، ئەو دوو کاژێر پێشتر لەکاتی چوونی بۆ لای ئاژەڵەکانی، بەر هەورەبرووسکە کەوتووە و گیانی لەدەستداوە.
ستار مەجید، مامی شێرکۆ گوتی، "گشتی دەوری 20 خولەک دوورە. شێرکۆ نوعمان شوانکارەیە، هەر لای ئاژەڵەکانی بووە، ئیدی هەورەبرووسکەکە لێیداوە و گیانی لەدەستداوە."
جگە لە زیانی گیانی، بەهۆی هەورەبرووسکەوە ئاگر لە لەوەڕگا و پاوانی نزیکەی چوار گوند و شاخی بەمۆ لە دەربەندیخان کەوتەوە.