گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی: دکتۆر دونیا سووکایەتیی بە پۆلیس کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

دکتۆرێکی ددان لە بنکەیەکی پۆلیسی شاری سلێمانی سکاڵای هەبووە، لەوێ لەگەڵ ئەفسەرێکی بنکەکە بووەتە دەمەقاڵەیان. پۆلیسی سلێمانیی دەڵێت، "دکتۆر دونیا سووکایەتی بە پۆلیس کردووە و ئێستا بەندکراوە."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 10-06-2024 سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت، "ئەو دکتۆرە چووە لە بنکەی پۆلیسی ئەزمڕ لە شاری سلێمانی گوتەی لێ وەربگیرێت؛ هەندێک رێکار هەن بە بڕیاری دادوەرن، دیارە ئەویش پێی ناخۆش بووە و سووکایەتی بە پۆلیسەکان کردووە و قسەی پێگوتوون."
 
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت، "پۆلیسەکانیش وەکو کارمەندی حکومەت کە لەکاتی دەوامن، سکاڵایان لەسەر تۆمار کردووە و گوتەیان لای دادوەر وەرگیراوە؛ دادوەریش بەو پێیە پۆلیسەکان لە کاتی دەوام بوون، بەپێی ماددەی 229 کە تایبەتە بە دەستدرێژیکردنە سەر فەرمانبەر لە کاتی ئەرکدا، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووە."
 
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا دكتۆر دونیا لە بەشی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی بەند کراوە.
 
دكتۆر دونیا عادل، پزیشكی ددانە و دانیشتووی شاری سلێمانییە، لە بواری راگەیاندندا كار دەكات و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش چالاکە.