زانکۆی سلێمانی هێنانی میوان و کەسوکار بۆ ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکاران قەدەخە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی سلێمانی لەبارەی رێوڕەسمی وێنەگرتنی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆ پێنج بڕیاری دەرکرد، لەوانە هێنانی میوان و کەسوکاری خوێندکار بۆ ناو کەمپەسەکانی زانکۆ بۆ بەشداریکردن و وێنەگرتن قەدەخەیە.
رۆژی چوارشەممە، 10-5-2023، ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی راگەیێندراوێکی لەبارەی رێوڕەسمەکانی وێنەگرتنی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆکە دەرکرد. یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران دەڵێت، بڕیارەکان بۆ پاراستنی کەمکردنەوەی ئەرکی دارایی سەرشانی کەسوکاری خوێندکاران و راگرتنی پاکوخاوێنی و سەوزایی ناو کەمپەسی زانکۆیە.
د. پێشڕەو حەمەجان عەزیز، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران بە رووداوی راگەیاند: "لە پێناو پاراستنی پاکوخاوێنی و سەوزایی و ئارامی و هاتووچۆی ناو کەمپەسی زانکۆ لەلایەک و کەمکردنەوەی ئەرکی دارایی سەرشانی کەسوکاری خوێندکاران و بەدەستهێنانی جۆرێک لە دادپەروەری بۆ خوێندکاران، ئەو بڕیارانە دران."
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، ئەنجوومەنی زانکۆ لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا لە 10-5-2023 و پاش بەدواداچوون و هەڵسەنگاندێکی ورد بۆ رێوڕەسمی وێنەگرتنی دەرچوونی خوێندکارانی ئەمساڵی خوێندن لەناو کەمپەسەکانی زانکۆ، بەتایبەت دوای گوێگرتن لە گلەیی خوێندکاران و کەسوکاریان و مامۆستایان و کارمەندانی پرسگە و باخچەکان ئەو بڕیارانەی داوە.
بڕیارەکانی تایبەت بە رێوڕەسمی وێنەگرتنی دەرچوون بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو (2023-2024) و ساڵانی دواتر ئەمانەن:
1- وێنەگرتنی دەرچوون لەناو کەمپەس تەنیا بە ئامادەبوونی خوێندکارانی قۆناخی کۆتایی و مامۆستایانی کۆلێژ دەبێت.
2- هێنانی میوان و کەسوکار بۆ ناو کەمپەسەکانی زانکۆ بۆ بەشداریی رێوڕەسمی وێنەگرتن رێگەپێنەدراوە.
3- رازاندنەوەی مێز و کورسی و هێنانی کۆمپانیای دیکۆرات و دیاری و دانانی خواردن و خواردنەوە و شیرینی و ئاهەنگگێڕان لەناو کەمپەس رێگەپێنەدراوە.
4- بەهیچ جۆرێک رێگە بەهێنانە ژوورەوەی ئۆتۆمبێل بۆ ناو کەمپەس نادرێت لەژێر ناوی وێنەگرتن.
5- داواکردنی وێنەی دەرچوون لەلای وێنەگری زانکۆ کارێکی ئارەزوومەندانەیە بۆ خوێندکاری دەرچوو.
تێبینی: خوێندکارانی دەرچوو دەتوانن ئاهەنگ و کاتەخۆشەکانی خۆیان لەگەڵ کەسوکاریان لە دەرەوەی کەمپەسی زانکۆ بەسەربەرن.
ئەو بڕیارانەی زانکۆی سلێمانی دوای ئەوە دێت لە چەند رۆژی رابردوو بەهۆی دەمەقاڵێ و لەنێو زانکۆی سلێمانی کێشە لەنێوان ژمارەیەک لە میوانانی ئەو خوێندکارانە دروست بوو، کە وێنەی دەرچوون دەگرن.