لە سلێمانی سێ بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکران


رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە پارێزگای سلێمانی سێ بازرگانی مادەی هۆشبەریان لەکاتی مامەڵەکردن بە بڕی 781 گرام مادەی کریستاڵی سپییەوە دەستگیرکرد. دەشڵێت، "تۆمەتبارەکان رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە."
 
رۆژی دووشەممە 10-4-2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستگیرکردنی باندێکی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "پاش دەستکەوتنی زانیاری لەسەر باندێک لە پارێزگای سلێمانی کە تۆمەتبارن بە بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە، هێزەکانمان دوای رەزامەندی دادوەری ئاسایش لێکۆڵینەوەی وردییان دەستیپێکرد."
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "رۆژی هەینی7-4-2023، لە هەڵمەتێکدا بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی مادە هۆشبەرەکان سێ تۆمەتباری باندەکە دەستگیرکران لە کاتی مامەڵەکردن و کڕین و فرۆشتندا کە بڕی 781 گرام مادەی کریستاڵی سپی دەستی بەسەردا گیرا و تۆمەتباران رووبەڕووی یاسا کرانەوە." 
 
بەپێی ئامارێکی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، لە سێ ساڵ و شەش مانگی رابردوودا دەست بەسەر هەزار و 217 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە و پێنج هەزار و 419 کەسیش دەستگیرکراون؛ لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا رۆژانە زیاتر لە پێنج کەس بە هۆی مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ ده‌ستگیركراون کە ئەم ئامارە بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی چوار ساڵ لەمەوبەر بەڕێژەی 40٪ زیادیکردووە و بڕی مادەی هۆشبەری دەستبەسەرداگیراویش بەڕێژەی 42٪ زیادیکردووە.
 
لە شه‌ش مانگی یه‌كه‌می 2022یشدا بڕی 132 كیلۆگرام و 729 گرام مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه کە بەم جۆرە بووە:
 
- كریستاڵ 55.557 كیلۆگرام
- هیرۆین 5.680  كیلۆگرام
- جامایكا 135 گرام
- حه‌شیش 3.581 كیلۆگرام 
- تلیاك 67.308 كیلۆگرام 
- ماریوانا: 173 گرام و 147 جگه‌ره‌
- كیتامین 17 گرام
- گراس 231 گرام
- شادانه‌ 64 گرام