ئەمریکا بۆ رووداو: پێنتاگۆن لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، پێنتاگۆن لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەکات و ئەوان دژی هەر هەنگاوێکیشن کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتیی بەرپرسانی ئەمریکا.
 
ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری رووداو لەبارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە 7ـی ئەم مانگە، ئاماژەی بەوە کرد، بەرپرسانی ئەمریکی لەگەڵ ئەو کاروانەدا بوون، بەڵام "دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە هیچ زیانێکی گیانی نەبوو." 

 

ئێوارەی هەینی 7-4-2023، دووکەڵی ئاگر لە نزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی بەرزبووەوە، سەرەتا بەرپرسانی فڕۆکەخانە و ئاسایش رایانگەیاند، "هیچ رووینەداوە و ئاگرێکی ئاسایی بووە". دواتر بڵاوکرایەوە کە هێرشی درۆنی بووە.
 
دوای رووداوەکە، هەریەک لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و چەند کەسایەتی و دامەزراوەی عێراق راگەیێندراویان سەبارەت بە هێرشەکە بڵاوکردەوە و نیگەرانیی خۆیان لە دۆخەکە دەربڕی. 
 
دەقی وەڵامی ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو 
 
رێگەم بدە هەندێ شت بڵێم. هاوکارەکانم لە پێنتاگۆن دەتوانن بە وردەکاری زیاترەوە قسە لەسەر ئەمە بکەن. وەزارەتی بەرگرییمان لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کاروانەکەی 7ی نیسان دەکات. ئەو کاروانە بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکاشی لەنێودابوون. دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە هیچ زیانێکی گیانی نەبوو. 
 
ئێمە بێگومان دژی هەر هەنگاوێکین کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاساییش و سەلامەتیی بەرپرسانی ئەمریکا. هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریان بۆ پشتیوانیکردنی هاوبەشە خۆجێیەکانمان لەپێناو بەدەستهێنانی بەزاندنی بەردەوامی داعش. لەنێوبردنی داعش لە ناوچەکە هێشتا کارێکی لەپێشینەی گرنگیی ئێمەیە. 
 
پێشنیاز دەکەم پرسیارەکانتان ئاراستەی وەزارەتی بەرگری بکەن پێش ئەوەی قسە لەسەر هیچ سەرچاوە و بنەڕەتێک بکەم. تاکە شت کە دەمەوێت جەختی لێ بکەمەوە ئەوەیە کە هەر هەنگاوێک لەنێو عێراق بنرێت پێویست رێز لە سەروەری و سەلامەتیی خاکی عێراق بگرێت. ئێمە حکومەتەکان هان دەدەین بۆ ئەوەی پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی گرژیی ئۆپەراسیۆنە سنووربڕەکان کەمبکەنەوە.