کێشەی مووچە خواستی لەسەر کڕین و دوورینی جلوبەرگی کوردی کەمکردووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بازاڕی جلوبەرگی کوردی لە بۆنە تایبەتەکاندا سیمایەکی دیکە بەخۆیەوە دەبینێت، جیاواز لە ساڵانی رابردوو ئەمساڵ بەهۆی کێشەی مووچە خواست بۆ بەرگدوورین کەمبووە و نرخی قاتەکانیش نەگۆڕاون.
 
بەرگدروویەک بەناوی دڵشاد سابیر باوەڕی وایە کە دوورینی جلوبەرگی کوردی 50% کەمیکردووە و هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە خەڵک چاوەێی مووچەن و کە مووچەش دێت لێبڕینی لێکراوە و ناتوانێت جلوبەرگ بکڕێت.
 
مەلا مستەفای تەمەن 67 ساڵ زیاتر لە 41 ساڵە بەرگدرووە، قوماشەکانیان هاوردەکراوی چینن و بەپێی کوالێتی و خواستی خەڵک بۆ ئامادەکردنی هەر جلوبەرگێکی کوردی 100 هەزار تاوەکو یەک ملیۆن دینار تێچوویەتی. ئەگەرچی بازاڕ لەم رۆژانەدا بووژانەوەی بەخۆوە بینیوە، بەڵام مەلا مستەفا گلەیی لە جیلی نوێ هەیە بەرامبەر بە پاراستنی جلوبەرگی کوردی.
 
مەلا مستەفا دەڵێت "گەنجی کورد یان خەڵکی کورد رۆحی نەتەوایەتیی کەمبووەتەوە، بەڵام ئەوە واقعێکە و ئێمە لەناویدا دەژین کە میلـلەتی ئێمە لەم چەند ساڵەی رابردوودا کە بەرگی کوردی لەبەردەکات، وەکو بەرگی رەسەنی خۆی لەبەری ناکات و تەنیا بۆ جوانی لەبەریدەکات".
 
جیا لەو جلوبەرگانەی لە بازاڕ ئامادە دەکرێن، لە دەرەوەی بازاڕ و لە شوێنێکی تایبەتی جلوبەرگی کوردی دروستکراوی چین دەفرۆشرێت کە نرخەکەی هەرزانترە لە نرخی بازاڕ. جلوبەرگەکان زیاتر بۆ منداڵان دووراون و لەلایەن بازرگانانی کوردەوە هاوردە دەکرێن، نرخەکەیان لەنێوان 15 بۆ 25 هەزار دینارە.
 
کارۆخ عوسمان فرۆشیارە و دەڵێت "ساڵانە پێنج هەزار قات دێنین و لە سەرەتای بەهار تاوەکو کۆتایی هاوین فرۆشمان هەیە، بەڵام ئێمە بۆ خۆشمان بە تایبەتی دەیدوورین".
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 15 بازرگان پارچەی جلوبەرگی کوردی هاوردە دەکەن و تاوەکو پێش ساڵی 2020 ساڵانە هەر بازرگانێک دوو بۆ سێ ملیۆن دۆلار پارچەی هاوردە کردووە، ئەمساڵ بەهۆی دۆخی کۆرۆنا و دواکەوتنی مووچە خواست بۆ هاوردەکردن و دوورینی جلوبەرگی کوردی کەمیکردووە.