تائێستا بڕیاری خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان نەدراوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە هەولێر تەنیا یەک دەرماڵەی ساڵی 2023ـی خوێندکاران خەرج نەکراوە، لە سلێمانی و دهۆک سێ دەرماڵەی 2022 و شەش دەرماڵەی 2024 خەرج نەکراوە و لە زانکۆی هەڵەبجە شەش دەرماڵەی 2023 خەرج نەکراوە. 
 
"نۆ دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی خەرج نەکراوە"
 
بێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە زانکۆکەیان دەرماڵەی مانگەکانی  10، 11 و 12ـی 2022 و شەش مانگی 2023 خەرج نەکراووە. 
 
بێشڕەو حەمەجان دەشڵێت، ئەوان هەموو رێکارە کارگێرییەکانیان تەواوکردووە و هەموو هەوڵێک دراوە دەرماڵەی خوێندکارانیان دابین بکەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە لە سلێمانی تائێستا دەرماڵەکانیان خەرجەنکراوە.
 
"شەش دەرماڵەی 2023 لە زانکۆی هەڵەبجە خەرج نەکراوە"
 
دکتۆر مهاباد کامیل، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی گوت: "رێکارە کارگێرییەکانی دەرماڵەی خوێندکارانمان تەواوکردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سیولەوە تاوە ئێستا پارەکانیان بۆ خەرج نەکراوە."
 
هیچ بڕیارێکی نوێ بۆ دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجەش نییە. بە گوتەی سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، دەرماڵەی شەش مانگی 2023ـیان دابەش نەکردووە، کە مانگەکانی کانوونی دووەم تاوەکو حوزەیران دەگرێتەوە. 
 
"لە زانکۆی دهۆک نۆ دەرماڵە خەرج نەکراوە"
 
مەروان فەندی، بەڕێوەبەری ژمێریاریی زانکۆی دهۆک بە رووداوی گوت: "دەرماڵەی مانگەکانی 10، 11 و 12ـی 2022 و شەش مانگی 2023 واتا مانگی کانوونی دووەم تاوەکو حوزەیران خەرج نەکراوە، مانگی 12ـی پار دەرماڵەی مانگی نۆمان بۆ خەرجکرا."
 
بەڕێوەبەری ژمێریاریی زانکۆی دهۆک دەڵێت: "بانک و گەنجینەمان ئاگادارکردووەتەوە کە زیاتر لە حەوت ملیار و 200 ملیۆن دینارمان بۆ دابەشکردنی ئەو نۆ دەرماڵە پێویستە، ئاگاداریان کردینەوە کە ئەمجارە دەرماڵەی دوو مانگمان پێکەوە بۆ خەرج دەکەن، چاوەڕوانین بزانین لەم هەفتەیە هیچ شتێکی نوێ دەردەکەوێت لەوبارەوە، چونکە بڕیار بوو لەم هەفتەیە شتێکمان بۆ خەرج بکەن."
 
"تەنیا یەک دەرماڵەی زانکۆی سەلاحەدین خەرج نەکراوە"
 
زانکۆی سەلاحەدین زۆرترین دەرماڵەی خوێندکارانی خەرج کردووە. سامان عەبدوڵڵا، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەنیا دەرماڵەی مانگی 12ـی 2023 خەرج نەکراوە، پار سێ دەرماڵەمان پێکەوە خەرجکرد تەنیا ئەوەیان ماوە بۆ ئەوەش سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین هەموو کات لەگەڵ گەنجینە و وەزارەتی دارایی لەسەر هێلە بۆ ئەوەی زۆرترین دەرماڵەی خوێندکاران خەرج بکرێت."
 
سامان عەبدوڵڵا دەڵێت، زانکۆی سەلاحەدین لە هەموو زانکۆکان زیاتر پابەندە بە دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکارانی و بۆ خەرجکردنی دەرماڵەی ئەم ساڵیش سەرۆکی زانکۆ هەموو هەوڵێکی داوە کە لەرێگەی وەزارەتی داراییەوە دەستەبەری بکات. 
 
بڕی پاڵپشتییە داراییەكە 40 هەزار دینارە بۆ خوێندكارانی نێو شار و 60 هەزار دینارە بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار، ئەو پارەیە بۆ هاوکاریکردن و پاڵپشتیکردنی خوێندکارانە.
 
ساڵی 2023 دووبارە هاوشێوەی ساڵی خوێندنی 2021-2022 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 22-02-2023 رەزامەندیی دا لەسەر بەردەوامی و خەرجکردنی زیاتر لە حەوت ملیار و 250 ملیۆن دیناری مانگانە وەکو پاڵپشتی بۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێمی کوردستان و دابینکردنی خزمەتگوزاریی بەشە ناوخۆییەکان بۆ ساڵی خوێندنی 2022 و 2023.
 
بەگوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو گوژمەیە ھاوشێوەی ساڵی خوێندنی 2021 و 2022ە و لەسەر بودجەی زانکۆ و پەیمانگەکان تەرخان دەکرێت.